ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی دایە "ئایشێ قەرینە" ناسراو بە پوورئایشێ هاوڕێی نزیکی دوکتور قاسملوو، خوشکی شەهید وەستائەحمەدی قەرینە و خەڵکی گوندی "سێلم"ی سەر بە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.
دایە ئایشێ لە گوندی "سێلم"ی سەر بە ناوچەی مەنگوڕایەتی مەهاباد لەدایک بووە.
دایە ئایشێ لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی وەک ئەندامێکی کارا تا سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ڕیزی تەشکیلاتی حیزبدا کار و چالاکیی دژی ڕێژیمی پاشایەتی بەڕێوە برد و دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا وێڕای وەستا ئەحمەدی برای بوونە پێشمەرگە و تا گیرانەوەی کوردستان بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە بۆ سەرکەوتنی داوا ڕەواکانی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی خەباتیان کرد.
پاشان پوور ئایشێ بە هەندێک هۆکاری تایبەتی گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی بەڵام وەفادار بەو ڕێگا و ڕێبازە مایەوە کە خەباتی بۆ کردبوو و تەنیا ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانی کورد و حیزبی دێموکرات و سەرکەوتنی بزووتنەوەی حەقخوازانەی میللەتی کورد بوو.
دایە ئایشێ بەهۆی ئەو باگراوەندەی کە لەلای حیزب و پێشمەرگە هەیبوو، لەلایەن حیزبەوە هەمیشە وەکوو کەسێکی جێگای باوەڕ سەیری دەکرا، بەتایبەت ڕێبەری هەمیشەزیندوو دوکتور قاسملوو باوەڕێکی زۆری بە دایە ئایشێ هەبوو و هەر کات بەو ناوچەیەدا تێپەڕیبا، سەردانی دایە ئایشێی دەکرد و جگە لە باوەڕپێبوون وەکوو یاری ڕۆژگاره سەختەکان سەیر دەکرد.
تەرمی دایە ئایشێ لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە زێدی لەدایکبوونی خۆی واتە گوندی سێلم، تەسلیم بە خاکی پیرۆزیی کوردستان کرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.