کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی قۆتابخانەی مێژوویی و نۆستالژیکی کرماشان

18:56 - 11 رێبەندان 2724

قوتابخانەی دواناوەندیی "کەزازی"ی کرماشان کە لە پێڕستی ئاسەوارە نەتەوەییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە، بە هۆی گرینگینەدانی بەرپرسانی پێوەندیدارەوە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.

قوتابخانەی کەزازیی کرماشان لە ١٠٤ ساڵ پێش ئێستا لەلایەن خێرخوازانی کرماشانەوە دروست کراوە و لە ساڵی ١٣٠٧دا بەفەرمی کەڵکی لێ وەرگیراوە و لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە خەڵکی کرماشان تێیدا دەرسیان خوێندووە و سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٧٧ دا لە پێڕستی ئاسەوارە نەتەوەییەکانی ئێراندا تۆمار کرا، ساڵانێکی زۆرە چارەنووسی ناڕوونە و مەترسیی لەنێوچوونی یەکجاریی لەسەرە.

پەروەردە و بارهێنانی کرماشان ١٥ ساڵ پێش ئێستا ئەم قوتابخانە مێژووییەی کردە مۆزەخانە بۆ خۆی بەڵام ئێستا  قوتابخانەکە داخراوە.

ساڵی ڕابردووش، بەرپرسی پێشووی سندووقی نۆژەنکردنەوەی شوێنە مێژووییەکانی ڕێژیم داوای لە بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانی کرماشان کرد کە بۆ ڕزگارکردنی ئەم قوتابخانەیە لە دۆخی هەنووکەیی، قوتابخانەکە بە کەرتی تایبەت بسپێرن بەڵام پاش یەک ساڵ تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێک لەمبارەوە هەڵنەگیراوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی گشتیی میراتی کولتوریی کرماشان باسی لە پێشنیارەکان بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕادەستکردنی ئەم قوتابخانەیە و هەوڵنەدانی بەرپرسانی پەروەردە لەمبارەوە کردووە.

داریووش فەرمانی هەروەها وتی کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی شاریش لەم پێوەندییەدا بێتە سەر خەت و وەک پرسێکی گرینگ لەم بینا مێژووییە بڕوانێت.

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەو ئیدارانەی کە لە پێڕستی ئاسەوارە نەتەوەییەکاندا، بینای مێژووییان هەیە و تۆمار کراوە، دەبێ بە کەڵکوەرگرتن لە بوودجەی خۆیان هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ئەم بینایانە بە هاواهەنگی لەگەڵ میراتی کولتوری بدەن و ئەم تێچوویانە لە بوودجەی پێشبێنیکراوی خۆیاندا بگونجێنن کە بەداخەوە بۆ قوتابخانەی کەزازی ئەمە نەکراوە.