کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی ناوەندی تەشکیلات بە بۆنەی چالاکییەکانی تایبەت بە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

20:45 - 12 رێبەندان 2724

سپاسنامەی ناوەندی تەشکیلاتی حیزب بە بۆنەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی تایبەت بە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

ڕێبوارانی ڕێبازی پڕشانازیی کۆماری کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

بەڕێوەبەران و ڕێکخەرانی چالاکی و ڕێوڕەسمەکانی ٢ی ڕێبەندان!

بەناوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی چالاکییەکان و ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە 2ی ڕێبەندان، ٧٩یەمین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان، پڕبەدڵ سپاسی هەوڵ و تێکۆشانتان دەکەین و ماندوونەبوونیتان لێ دەکەین.

ئەگەرچی کۆماری کوردستان وەکوو یەکەمین کیانی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریی کورد، یەک لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانە بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕیزی یەکێک لە بۆنە نەتەوەییەکانی کوردستان دێتە ئەژمار و نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ساڵانە یادی دەکەنەوە و ڕێز لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کوماری کوردستان و پێشەوا قازی محەممەد وەکوو یەکەم سەرکۆماری کوردستان دەگرن.

ئەمساڵ بەنەریتی ساڵانی پێشتر و پتر لە جارانیش لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و بەتایبەت لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا، زۆر ڕێوڕەسم، چالاکی و سیمیناری تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان بەڕێوەچوون کە هەرکام لە جێی خۆیدا باش و بەکەڵک و پڕنێوەڕۆک بوون.

لە ڕۆژهەڵات، شوێنی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەداخەوە بەهۆی سەرکوت و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی ڕێگا نادرێ کە بەشێوەیەکی ئاشکرا و ئازادانە یادی ئەو کۆمارە مەزنە بکرێتەوە، بۆیە لەوبوارەدا ئەرکی یادکردنەوەی ٢ی ڕێبەندان زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی تێکۆشەرانی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکرات، کە بەخۆشییەوە هاوڕێیانی نێوخۆ ئەمساڵیش وەکوو ساڵانی پێشوو، بە باشترین شێوە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاند.

جێی ئەماژەپێدانە کە لە ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان دا، زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی و هونەرییەکانی گەلەکەمان بەشدار بوون و گڕوتینێکی تایبەتیان بە کۆڕوکۆبوونەوەکان بەخشی کە جێی سەرنج و خۆشحاڵییە.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ماندوونەبوونی، زۆر بەگەرمی سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکا کە لەنێوخۆ و دەرەوەی کوردستان بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی 2ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ئەرکی خۆیان بە باشترین شێوە بەجێگەیاندووە.

بەهیوای وەدی هاتنی ئامانج و ئاواتەکانی کۆماری کوردستان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

 ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣