خالید عەزیزی: نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی ئیلهام و گۆڕەپانی سەرەکیی خەباتی ئێمەیە
ئاماژە: خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکی درێژ و تایبەت لەگەڵ کوردکاناڵدا تیشکی خستە سەر تازەترین هەڵوێست و خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. "کوردستان" کاکڵ و پوختەی ئەم وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.
پێوەندیدار بە هاتنەوەی ترامپ و ئەگەری گۆڕانی هاوکێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت کۆمەڵگەی جیهانی
دەبێ ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەین کە دنیا لە ڕەهەندەکانی ئابووری و ئەمنییەتیدا بەبێ ئەمریکا تووشی بەتاڵایی دەبێت و دەوری ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا گرینگە و دەوری ڕەئیسجمهووری ئەمریکایش گرینگتر. نموونەیەکی کۆنی مێژوویی بێنمەوە. پێش شەڕی دووهەمی جیهانی ئەمریکا تەریک ببۆوە لە سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتیدا و یەکێک لەو شتانەی زەمینەی خۆش کرد دەسەڵاتێکی وەک هیتلێر پەیدا ببێت، بە بڕوای من غەیبەتی ئەمریکا بوو. دوای شەڕی دووهەمی جیهانییش کە ئیدی بەسەر هیتلێردا سەرکەوتن، ئەمریکا هاتە نێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و هێزی ئابووری و ئەمنییەتی و نیزامیی ئەو وڵاتە بوو بە فاکتەرێك لە سەقامگیریی جیهانیدا. هەتا ئەوکاتەی ترامپ لە کۆماریخوازەکان هاتەسەر کار، جیاوازییەکی یەکجار زۆر لەنێوان دێموکراتەکان و کۆماریخوازەکان لەهەمبەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا نەبوو. بەڵام دیاردەی ترامپ جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەو سیستەمە هەیە کە لە مێژووی ئەمریکادا بوو. شێوەی قسەکردنی، ڕوانینی، خوێندەوەی لە ئەمریکا و خوێندنەوەی لە دنیا زۆر تایبەت و دەگمەنە. دێموکراتەکان هەر لە سەر ئەو ئەساسە دەڕۆیشتن کە تێکەڵ بە مۆعادڵاتی نێودەوڵەتی بن و لەگەڵ ئورووپاییەکان هەماهەنگی زۆرتریان هەبێت و شەریک بۆ خۆیان پەیدا بکەن، بەڵام ترامپ زۆرتر ئەمریکای کردۆتە مێحوەر و بە تەبیعەتی بەرژەوەندیی ئەمریکا چاو لە هەمووی ئەوانە دەکات. ئێستاش تڕامپ ڕایگەیاندوە کە سەردەمێکی زێڕین لە ئەمریکا دەستی پێ کردووە و زۆرتر فوکوس دەخاتە سەر ئەوەی چۆن لە هەمووی ئەو مۆعادڵاتەدا ئەمریکا بەهێزتر بکات. بۆیە تەعاموولی ئەو لە داهاتوودا لەگەڵ هەموو زلهێزەکانی دیکەی دنیا و لە ئاستێکی خوارتر لەگەڵ ئێرانیش تابعێکە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا. گرینگ ئەوەیە ئێمە بزانین کە دێمۆکراتەکان و کۆماریخوازەکان هەتا ئێستاش تەنیا بە دوای ئەوەدا ڕۆیشتوون و دەڕۆن کە سیاسەت و ڕەفتاری ئێران بگۆڕن و نەیانگوتووە کە ئێمە بە تەمای گۆڕێنی ڕێژیمی ئێرانین؛ ترامپیش ئەوەی نەگوتوە. بۆیە ئەمن پێشبینی دەکەم تڕامپ لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا بکەوێتە نێو کۆمەڵێک تەعامول و گوشار و سەودا لەگەڵ ڕێژیم بۆ ئەو پڕۆژەی بۆخۆی هەیەتی کە سنووردارکردنی توانا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە.
دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شپرزەیی دەمێنێتەوە یان نەزمێکی نوێ و سەقامگیرییەکی تایبەت ڕووی تێدەکا؟
بە باوەڕی من دۆخی ناوچە بە شپرزی دەمێنێتەوە. دیارە ئێمە دوو جۆر شپرزی و دوو جۆر قەیرانمان هەیە. قەیران و شپرزەییەک کە ڕەهایە و قەیران و شپرزەییەک کە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ڕەنگە بەرژەوەندیی ناوچەکە لە سیاسەتی ئەمنیی کەلانی نێودەوڵەتی و بە تایبەت بەرژەوەندیی ئیسڕائیل وا هەڵگرێت کە لە مەرحەلەی یەکەمدا بە دووی کۆنتڕۆڵی قەیراندا بن. هۆیەکەشی ئەوەیە کێشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆز و تێکەڵ پێکەڵە و بەشێکی زۆر لە سیاسەتی ئەمنییەتی کەلانی نێودەوڵەتی بەرهەمی کێشەی ئیسڕائیلە لەگەڵ فەلەستینییەکان. لە شەڕی ساردیشدا ئەوە هەبوو کە سۆڤیەتی پێشوو پشتیوانیی لە فەلەستینییەکان دەکرد و ئەمریکا پشتیوانی ئیسڕائیل بوو. دوایە سۆڤیەتی پێشوو نەما و وردە دەسەڵاتی ناوچەیی دروست بوون، وەک تورکیە و ئێران، لە تەنیشت ململانێی شیعە و سوونیی. بۆیە لە ئێستادا لەوانەیە کێشەی غەززە و لوبنان چارەسەر بکرێت و دەبینین لە سوورییە دەسەڵاتێکی دیکە دێتە سەر کار. بە باوەڕی من بەردەوام ئەو کێشانە درێژەیان دەبێ و بوونی ئەو قەیران و کێشانە بواری مەیدانیی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کردبوو بتوانی بە کۆپیکردن لە حیزبە کۆمۆنیستییەکان و بەئامرازکردنی ئاییزانی شیعە دەسەڵات و هێزی نیابەتی دروست بکات. لەلایەکی دیکەوە ڕاستە کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشەکانی ناوچەدا تووشی شکستێکی زۆر زۆر گەورە بووە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کارتی بەدەستەوە نەمابێت. لێرەدا بە ئەگەری زۆر ترامپ بیهەوێ بە دوای ئەوەدا بڕوات ئەو کارتانەشی لێ بستێنێ کە یەکێک لەوان پڕۆژەی ناوکیی ئێران و قەزیەی بەرجامە. ئەمن زۆر جار گوتوومە پێشبینیی ئەوە ناکەم کۆماری ئیسلامی چەکی ئەتۆمی دروست بکات، چونکی بە یەکەم تەقینەوەی ئەو چەکە خۆی تێدا دەچێت و وڵاتەکەی وێران دەبێت، بەڵام ئەمە کارتی گەمە بۆ ساتوسەودایە و ئێستا وەختی ئەوە هاتووە بۆ مانەوەی خۆی کەلک لەم کارتە وەربگرێ. ئەمن پێموایە لەوێدا هاوکێشەکان دەگۆڕدرێن.
بەرژەوەندییەکانی ڕووسیە و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕقەیران!
ڕووسیە تا ڕادەیەکی زۆر لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە دەرێ، یان دەنا دەتوانم بڵێم زۆر لاواز بووە، بەڵام ئەمریکا ئێستاش قسەی کۆتایی هەر ئەو دەیکات، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە لەگەڵ کێشە ڕووبەڕوو نابێت. ستراتێژیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کورتی و بە کوردی پاراستنی ئیسڕائیلە. ئیسڕائیل لۆبییەکی بەهێزی لە ئەمریکا هەیە و ئەو هەڕەشانەی لەلایەن ڕەوتی تۆندڕەو چ سووننی و چ شیعە لەسەر ئیسڕائیل هەیە بەتایبەت دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بیروڕای گشتیی نێودەوڵەتیی نیگەران کردوە. بۆیە من پێموایە ئەمریکا لەپێناو پاراستنی ئەمنییەتی ئیسڕائیلە بیەوێ ئێران سنووردار بکات. ئێستا ئیدی ئێران وەکوو پێشوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانێ تەڕاتێن بکات. کاتی خۆی شتێک هەبوو پێیان دەگوت دوکتورینی ئۆباما یا پڕۆژەی ئۆباما. لێکدانەوەی ئۆبامادا ئەوە بوو جەرەیانی توندڕەوی شیعە ڕاستەوخۆ لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نییە و ئەو جەرەیانە توندڕەوی شیعەیە ئەدرسێکی هەیە کە تارانە، ئەگەر وایە ئەوە قابلی مۆعامەلەیە؛ بەڵام جەریانی توندڕەوی سووننی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندین هێزی وەک ئەلقاعیدە و داعش و هێزی جۆراوجۆری ئیسلامی لێ دروست بووە و لایەنی جۆراوجۆریش کۆمەکیان دەکەن. جەریانی توندڕەوی شیعە زۆرتر دژی ئیسڕائیل بووە و جەریانی توندڕەوی سووننی زۆر جار ئەمریکای کردۆتە ئامانج. جا لەژێر ڕووناکیی ئەو تێئۆرییەدا ئۆباما لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا پووڵ و سامانێکی زۆری بۆ ئێران ئازاد کرد و بەتەما بوو ئێران وەک پارتنێرێک بێڵێتەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانج نەگیرێت.
پێوەندیی ئەمنییەتی ئیسڕائیل بە سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بەردەوامیی کێشە و ململانێیەکان وەکوو پێشوو درێژەیان دەبێت، بەڵام ڕەنگە هەڕەشەی ئەمنییەتی لەسەر سەقامگیریی ناوچە بەشێوەی پێشوو نەبێت. چونکە لەو شەڕانەی ئیسڕائیل لە دەورووبەر کردوونی هەتا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە. ئەو ڕێکخراوانە سازماندەیی و هێز و توانای جارانیان نەماوە، بەڵام شتێک لێرەدا مەسەلەیە کە ئایا دەسەڵاتی نوێی سووریە بەپێی پێشینەی پێشووی ڕەفتار دەکات؟ کە من پێموایە ئەوە ناکات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵ دەدەن تێکەڵ بە مۆعادەلات و مۆعامەلات و دەوڵەتداریی بکەن و بیکەن بە پارتنێری خۆیان و ڕەنگە ئەوە بەرەو ئەوە بڕوات و ئەمە بە جۆرێک یارمەتی بە سەقامگیری لەو ناوچەیە بکات. بەڵام کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەروەک گوتم بەردەوام دەچێتە پێشێ و یەکێک لە فاکتۆرەکانیش ئێرانە.
کاریگەریی ڕاستەوخۆی هاتنەوەی تڕامپ لەسەر چارەنووسی کۆماری ئیسلامی؟
یەکەم، کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیکە خەڵکەکەی زۆرتر مەیلەو ڕۆژئاوا بیر دەکەنەوە. یانی ئێرانی هەموو ئارەزووەکەیان ئەوەیە ڕێگەیان لە ئەمریکا بکەوێ و لەگەڵ ئەمریکا و ئورووپای ڕۆژئاوا تێکەڵاوییان هەبێت. زمانی ئینگلیزی ئێستا لە ئێران ڕەقابەتی لەسەرە کێ جوان فێری بێ، بەڵام کەس بە دوای زمانی ڕووسی و چینیدا ناڕوا. بۆیە بە باوەڕی من لە درێژخایەنیشدا کۆمەڵگەی ئێران دەکەوێتە بەرەی ڕۆژئاوا. بەڵام پێچەوانەی ویستی کۆمەڵگەی ئێران بیرۆکە و فەلسەفەی وجوودیی کۆماری ئیسلامی دژایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوایە، دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلە. من پێموایە ئەگەر ترامپ بکەوێتە نێو مۆعادڵات و مۆعاملات کە واشی لێ دێت و لە بەرجام ڕا دەست پێ دەکات، کۆمەڵێک داروولەلە بۆ ئێران دادەنرێت. ئێران یا دەبێ بەپێی ئەو پڕۆژەیەی ترامپ بچێتە پێشێ و سنوورداری بکەن، یان بە ئەگەری زۆر میکانیزمی ماشە دێتە گۆڕێ و ئورووپاییەکانیش لەگەڵ ئەوەن لەوێدا پاشەکەشە بە ئێران بکەن. بێگومان ئەمە شکەستێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و ترامپیش ئەوە عۆمدە دەکاتەوە.
دووهەم، لە پێوەندی لەگەڵ گرووپە نیابەتییەکان تەنانەت لە عێراقیشدا ڕەنگە ئەوە بەشێک لە مۆعادڵە و مۆعامەلەکان بێت و ئەوەش شکەستێکی دیکەیە بۆ کۆماری ئیسلامی. بەڵام هیچی ئەوانە تا ئەو ساتە بە مانای ئەوە نییە شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوو دەدات. من لەو باوەڕە دام شتێک بە ناوی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل یان ئەمریکا هەتا ئێستا نەبووە و ئەوەی ئێستاش بە کردەو و دژ کردەوە دەزانم و مووشەک تێگرتن لە دژی یەکتریش شەڕ نییە. هەمووی ئەوەیە ئێران بە ئیسڕائیلل بڵێ ئەمنیش دەسەڵاتم هەیە و وات لێ قەبووڵ ناکەم و ئیسڕائیلیش هەر ئەوە بڵێ. لەبارەی ترامپیشەوە پێشبینی ناکەم بە شەڕ بەرەوپیلی کێشە لەگەڵ ئێران بچێت و مێتۆدێک هەڵدەبژێرێت کە ئەو مێتۆدە بە مرووری زەمان ئەو دەسەڵاتە لاواز دەکات و لە ئێعتباری دەخات و شەرعییەتی پێ ناهێڵێت و هەمووی ئەوانە ڕەنگدانەوەی لە نێوخۆی وڵاتی ئێراندا دەبێت. ئەمریکاییەکان بە دێموکرات و کۆماریخواز زۆر جار گوتوویانە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی مەسەلەیەکی نێوخۆیی ئێرانە و هەر ئەوەش بە قازانجی داهاتووی ئێرانە و دواجار دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ئاڵتێرناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی.
پرس و چارەنووسی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی
بابەتی ئالترناتیڤ کێشەی ئێمەیە و کێشەی لایەنە ئێرانییەکانیش و کێشەی لایەنە نێودەوڵەتییەکانیشە. لە نموونەیەکی زۆر تازە و لە قەزیەی سووریەدا ئەو حوکمەتەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتە نێزیک دوازدە ساڵ پێش ئێستا لە ئیدلێب بوو بە ئاڵتێرناتیڤ و حکوومەتی سێبەری دروست کرد. کاتێک وڵاتەکە وای لێ هات کە بەشار ئەسەد بڕوات، شەڕ و شۆڕشی تێ نەکەوت و خەڵکەکە ئیستعدادیان هەبوو کە بەشار ئەسەد دەڕوات وڵات بەتاڵایی دەسەڵات دروست نابێت و ئەمە بێ خوێنرێژییەکی زۆر بوو بە ئەمری واقع و دەوڵەتی لەسەر دروست بوو. لە ئێراندا ئەو هەموو قوربانیدان و فیداکارییە بە تایبەت لە کوردستان دەکرێ، بەلام گرفتەکە ئەوەیە ئێستاش ئاڵتێرناتیڤ بۆ تاران و بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دروست نەبووە. بۆ دروست نەبووە؟ من تێدەکۆشم کورتی بکەمەوە کە حیزبی دێموکرات ئەوەی لە دەستی هاتوە کردوویەتی. حیزبی دێموکرات کاتی خۆی لە سەردەمێکی زۆر سەختی ژیانی سیاسیی لە ئێراندا دوای ئەوەیکە شواری میللیی مقاومەت دروست بوو، و بەنیسەدر و مەسعوودی ڕەجەویی تێدابوون و دوایە دوکتور قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکرات و دەوڵەتمەردی سیاسیی ئێران چووە نێو ئەو بەرەیە، بە بڕوای من ئاڵتێرناتیڤێکی باش بوو لەو سەردەمدا. بەڵام گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە ئێران لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشتوە. ئەو وەختە حەی و حازر بەنی سەدر و موجاهێدین بوون، بەڵام ئێستا دەیان و سەدان بەنی سەدر دروست بووە ودەیان و سەدان گروپ دروست هەن و هەریەکی هەوایەک لێ دەدات. لە نەتیجەدا ئەو ئاڵتێرناتیڤسازییە سەرکەوتوو نەبووە. بۆیە ئەگەر چەند ساڵی دیکەش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران لە گۆرێدا بن کە هێشتا بەشێ زۆری خەڵکی ئێرانی لەگەڵدا نییە، لە ڕاستیدا هەتا ئاڵتێرناتیڤ نەبێت و هەتا کاتێک ئەو خەڵکە دەچێتە سەر شەقام و ئامادەیە خۆی فیدا بکات بێتوو بەدیلێک شک نەبات، کێشەکە هەر لەجێی خۆیەتی. بەڵام ئایا بە هاتنەسەرکاری ترامپ ئۆسوولەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێداچوونەوەیەک بە خۆیاندا دەکەن و ڕێکارێکی نوێ دێینە گۆڕێ، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بە هەر بۆچوونێک کە هەیانە بە دوژمنی خۆمانیان دانانێین، ئێمە دێینە سەر هاوکێشەکان و سیناریۆی دۆست پەیداکردن. دەبینین لەگەڵ یەکێکیان زۆر دۆستانە دەچینە پێشێ هەتا بە سازانێک بگەین و لەگەڵ هێندێکیشیان زۆرتریش دەچینە پێشێ هەتا مەبنایەک ئیمزا بکەین بۆ داهاتووی ئێران و لەگەڵ هێندێکیان ڕەنگە هەرگیز نەبین بە دۆست، بەلام نایانکەین بە دوژمنی خۆمان. لە سیاسەتدا هونەر ئەوەیە لانیزۆری دۆست بۆ خۆت پەیدا بکەیت و دوژمنان و نەیارەکانت بە لانیکەم بگەیەنی. ئێمە لەو چوارچێوەدا کارمان کردوە، هێندێک مەبنامان هەیە ئەویش ئەوەیە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمان لە چوارچێوەی ئێراندا بەو پڕۆژەی کە حیزبی دێموکرات هەیەتی لە دانیشتنەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ئێعترافی پێ بکرێت. چاوەڕوانیشمان ئەوە نییە هەموو لایەک هەموو ئەوەمان لێ قەبووڵ بکات، بەڵام چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە بە خوێندوەیەک لە سوورەتی مەسەلەی واقعییەتی کۆمەڵگەی ئێران و جۆراوجۆریی پێکهاتەکان لەم وڵاتە بتوانین لە قۆناغی ئێستادا بە دەسکەوتێک بگەین.
هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ئاڵترناتیڤسازی لە ئێران دژی کۆماری ئیسڵامی
کۆمەڵگەی ئێران دێموکراسیی زۆر تێدا نەبووە، سەردەمی مۆسەدیق شتێک هەبوو کە زۆر کەم کێشا. دوای ئینقلابی ئێرانیش لە کوردستان بڕێک تەمەنی هەبوو کە ئەویش بەهۆی لەشکەرکێشیی ڕێژیمەوە سەرکوت کرا. ئێرانی بەگشتی فێری تەحەموولی یەکتر نەبوون. کورد باشترە، چونکە فەرهەنگی حیزبی دێموکرات و حیزبسازی ئێمەی پتر عادەت پێ دا کە لەگەڵ یەکتر کار بکەین و لە چوارچێوەی حیزبێکدا کۆ ببینەوە. خاڵی بەهێز و دەسکەوتی هەرە سەرەکیی جووڵانەوەی سیاسیی ئێمە بیرۆکەی حیزب دروستکردن بوو. حیزبی ئێمە سەرەرای هەموو هەوراز و نشیوەکان خۆی ڕاگرت و ئێستا دەتوانێ قسە بکات لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا. بەڵام لەم دواییانەدا بە جۆرێک بیرۆکەی لێدان لە حیزب پەرەی ئەستاند، بە تایبەت لە پڕۆژەی جۆرج تاوندا پڕۆژەی لێدان لە سازماندەیی و لە حیزبایەتی بوو لە ئێراندا. لە ئورووپا کاتێک ڕێنسانس دەستی پێ کرد، نەخبە و ئیلیتەکان دروست بوون و بە مروری زەمان هەمووی ئەوانە لە بۆعدی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا جێگای خۆیان گۆاستەوە و چوونە نێو مۆئەسسات و دواتر حیزبەکان جێگایان گرتەوە. ئێران نەچۆتە نێو ئەو قۆناغەوە و لە غەیبەتی حیزبێکی بە قووەت یان چەند حیزبی بە قووەتی ئێرانی لە ڕاستیدا ئەوەیکە ئەوان پێی دەڵێن: سلێبرتیی و ئەوەیکە ئەوان پێی دەڵێن:کەسایەتی، خوێندکارەکان یان ئەوانەی کە ژۆرنالیستن هەر هەمووی ئەوانە قسەی ڕۆژ دەکەن و یەکێک لەو شتانەی من بۆ خۆم پێموایە زەرەری بۆ داهاتووی ئێران هەیە. ئەگەر کۆماری ئیسلامییش بڕووخێ، نەبوونی چەند حیزبی بەقووەت کە بەیەکەوە تەوافۆق بکەن، هەزاران کەس ناتوانی تەوافۆقیان لە نێویاندا دروست ببێ و کۆمەڵگەی ئێران بەرەو فەردگەراییەک دەچێت و بە تەبیعەتی جۆغرافیای سیاسیی ئێران لە ناوچەکەدا زۆر زەربەپەزیر دەبێت. لە پڕۆژەی جۆرج تاونیشدا لەبیرمە ئەوکاتە لە تۆرێنتۆ من لە لایەن حیزبەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە قسەم کرد و گوتم بیرۆکەی ئێمە ئەوەیە با کۆمەك بکەین بە سازماندەیی و و بۆ حیزبسازی لە ئێراندا تێبکۆشین، یان ئەو تاکانە خڕ ببنەوە بەیەکەوە لە حیزبێکدا کار بکەن، ئەو وەخت "حیزبزدایی" لە ئەوجی خۆیدا بوو و دەقیقەن پڕۆژەی جۆرج تاون ئەوە بوو کە نەقشی ئەحزاب یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەمێنێ کە ڕابردووییەکی بەقووەت و ئێحترامێکی تایبەتی خۆی هەیە. یان کۆڕ و کۆمەڵی وا هەیە، بۆ نموونە کۆماریخوازەکان کە دادەنیشین هەزاران کەسن لە نێوخۆیاندا ئەنواعی تەیفیان هەیە و هەمووشیان یەک شت دەڵێن، بەڵام بەیەکەوە و لەگەڵ یەکتر ناسازێن و ناتوانن حیزبێک دروست بکەن. بە هەرحاڵ ئێمە کۆڵ نادەین و لەگەڵ هەمووان کە دادەنیشین، تێدەکۆشین ئەو بیرۆکەیە بەقووەت بکەین.
ئەگەری گۆڕانکاری لە کۆماری ئیسلامیدا، لەدوای سەرکۆماریی پزشکیان!
لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا دەسەڵاتی مۆتڵەقەی وەلی فەقیهـ دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و دوایەش دەسەڵاتەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و سپای پاسداران ئەو خەتە سوورانەن کە ڕێگە بە هیچ ڕەئیسجەمهوورێک نادەن لێی تێپەڕێ. هەموو سەرکۆمارەکان دەسەڵاتەکەیان زۆر زۆر سنووردارە، بۆیە هێنانی پزشکیان لە ڕاستیدا ئەبتکارێک بوو. سیستەم پێشبینیی ئەوەیان دەکرد، یان ئەو ئەگەرەیان دانابوو کە ترامپ دەبێتەوە سەرکۆمار، بۆیە ئەو مەجالەیان بۆ پزشکیان دروست کرد بۆ ئەوەی ئەو گوفتمانەی دوایە لەگەڵ ترامپ دەیانبێ، لە نێو حاکمییەتدا زەمینەیەکی هەبێت و دوایە کە چوونە نێو دانوستانەکە کێشەی ڕەوانی و کێشەی مەشرووعیەتیان بۆ دروست نەکات. ئەمن لەسەر ئەو باوەڕە نیم کە ئەمە بتوانێ نیزامی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێ، بەڵام تێبینییەکم هەیە، ئەویش ئەوەیە کە جووڵانەوەی سەرەکیی ئێمە و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێمە لە نێوخۆی وڵاتە. شوێنی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەنێوخۆی وڵاتە و ئەو نیزامە بگۆڕێ یا نەگۆڕێ، پزشکیان لە سەر کار بێت یا یەکێکی دی خەڵکی ئێمە لە نێوخۆی وڵات هەمیشە دەبێ داوای هەبێت، هەمیشە خواستی هەبێت، هەمیشە مێتۆدەکان و شێوازەکانی نوێ بۆ مافخوازیی خۆی بێنێتە گۆڕێ؛ بۆ ئەوەیکە جموجۆڵی سیاسی و مەدەنی ومافخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکەوێ. جا ئایا لە تاران جێبەجێی دەکەن یان نایکەن، باسێکی دیکەیە و ئێمە دەبێ مەوزووعمان هەبێت بیهێنینە گۆڕێ. لەو پێوەندییەدا ئەگەر پزشکیانیش شتەهایەکی گوتبێ کە من پێموایە عەمەلی نابێت، بەڵام ئێمە هەر دەبێ بە دوایاندا بڕۆین و ئەو نیزامە لە نێوخۆی وڵاتدا بە چالش بکێشین. دەنا پیشبینیی ئەوە ناکەم لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی مۆتڵەقەی وەلیی فەقیهـدا گۆڕانکارییەکی وا ڕوو بدات. لە خاتەمییەوە هەتا ئێستا ئێمە تاقیمان کردۆتەوە، بەڵام ئەوە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی ئێمە دەست لە سەر دەست دانێین لە نێوخۆی وڵات و خەبات و تێکۆشانەکانی خۆمان کە بەخۆشییەوە لە ئەوجی خۆیدایە، ڕابگیرین.
کوردستان و ئێران دوای جووڵانەوەی ژینا
بزووتنەوەی ژینا پێوەندیی بە بابەتێکەوە هەبوو کە هاتە گۆڕێ. بە باوەڕی من ئێمە وەک جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکرات ویست و داخوازییەکانمان سنووردار بکەینەوە و پێویستی بەردەوام پرسی شوناسخوازیی خۆمان وەک نەتەوەیەک بەهێز بکەین. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چوارچێوەی ئێراندا بە دوای ویست و داخوازییەکانی دەڕوا و ئەوە ئەرکی ئێمەیە ئەو داوخوازییە شۆڕ بکەینەوە و ئەو ویست و داخوازانە زەمانێک جێبەجێ دەبن کە ئێمە لە دەرەوەی کوردستان دۆستی زۆرمان هەبێت. نیزامی کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەڵێین بڕووخێ با بێینە نیو داروولەلەی ڕووخانەکەی، کوردستان هەزینەیەکی زۆری داوە و هەمیشە لەسەر خەت بووە و قوربانییەکی زۆری داوە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکان و شارە گەورەکانی دەرەوی کوردستان. ڕادەی زیندانییانی سیاسی و ئێعدامەکان و سەرکوت و ئەو فەلاکەتەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتوە، لەگەڵ هیچ شوێنێکی دیکەی ئێران بەراورد ناکرێ. بەڵام دیسان دەیڵێمەوە ئەو نیزامە بە کەلان شارەکان دەڕووخێ، ئەو نیزامە بە تاران دەڕووخێ و بۆ ڕووخانی ئەو نیزامە دەبێ تاران و مەشهەد و شیراز و ئیسفەهان لەگەڵ بکەون. ڕێگاکەی چییە؟ ڕێگاکەی ئەوەیە کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی سیاسی، ڕووناکبیرەکان، خوێندکارانی زانکۆ پێوەندییەکی بەربڵاو و باشتریان هەبێت لەگەڵ نەتەوەی فارس و لەگەڵ نەتەوەی تورک و لەگەڵ هەموو تێکۆشەرانی شوێنەکانی دیکە. لەگەڵ ئەوان ئەو بابەتانە بێینە گۆڕێ. دەمەوێ بڵێم پڕۆژەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پڕۆژەیەکی ئێرانییە و هەر ئەرک و پڕۆژیەکی تایبەت بە ئێمەی کورد نییە. ڕاستە ئێمە خۆی لێ نادزینەوە، بەڵام دەبێ یارگیرییی زۆری بۆ بکەین. بۆیە بە باوەڕی من خوێندنەوەکە هەر دەبێ ئەوە بێت کە حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان لەنێو ئەو گەمەیەدا دەبێ ببین و تێشیدا هەین و لەگەڵیشی دەڕۆین. مادام بە دوای چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێرانیش داین، دەبێ زۆر بەسەراحەت بچینە نێو هاوکێشەکان و شەرمی لێ نەکەین و لەگەڵی بڕۆین و ڕێگاکەشی هەر ئەوەیە. جاروبار بەعزە بۆچوونێک هەیە کە ئەوە سیاسەتی حیزبی دێموکرات نییە یان بۆچوونێک هەیە لە سۆشیال مێدیادا کە تووڕەیە لە فارس و وەک نەتەوە تووڕەیە لە ئێرانی و ئەو تووڕەییانە لە مۆعادلاتی سیاسیی ئێمە و یارگیریدا مانای نییە. چونکی ئێمە ئێستاش هەر بە دوای چارەسەری کێشەی خۆمان لە چوارچێوەی ئێراندا دەگەڕێن، بۆیە تەوسییەی من یا بڵێم ڕێکاری حیزبی دێموکرات ئەوەیە ئێمە لە کوردستانی ئێران حەوجێمان بە دۆستی زۆر هەیە لە دەرەوەی کوردستان.
پێوەندیدار بە جووڵانەوەی ژینا، جووڵانەوەکە بەو جۆرەی لە کوردستان هەبوو نەچووە نێو شارەکانی دەرەوەی کوردستان و شارە گەورەکان بەو جۆرە لەگەڵی نەکەوتن. ئەوە یەکێک لە کێشەکانی تەواوەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەگەر حیزبی دێموکراتی لێ دەر بکەی کە پێی لەسەر عەرزە و و لەنێو خەڵکە و خەڵکێکی زۆری لەگەڵدایە، ئەوی دیکەی بەشی زۆری نوخبەیە و نوخبەگەرایی و قسە بۆ نوخبەکان دەکەن. ئەوە کێشەی گەورەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، نوخبەکان و ئەوانەی چالاکی سیاسین و بەدواداچوون بۆ سۆشیال مێدیا دەکەن، ئەوەی دیکە توێژی خوارەوەی جەماوەرن و کەم لەگەڵ ئەدەبیات و گوفتمان و قسە و تەحلیلی بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە تایبەت تاکەکان لە مێدیا و تەلەفیزیۆنەکانی فارسیدا هەن. دیارە لە ئەمریکاش ئەوە ڕووی دا و ترامپ ڕووی لە خەڵک کرد، قسەی بۆ خەڵک دەکرد و بەربژێری دێموکراتەکان کامێلا هرێس قسەی بۆ نۆخبەکان دەکرد و دەکرێ بڵێم قسەی بۆ ئەیالەتی نیۆیوۆرک و لۆس ئانجلێس دەکرد و بینیمان بە جیاوازییەکی زۆر گەورە دۆڕاندی. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئێستاش قسە بۆ نۆخبەکان دەکات و پێی لەسەر عەرز نییە و دوورە لە کۆمەڵگەی ئێران. بۆ ئەوەی پێی لەسەر عەرز بێتەوە و نیزیک بێتەوە لە کۆمەڵگەی ئێران، دەبێ گوفتمانەکەی جۆرێک بێت خەڵك لەوێ وەریبگرن و هەر شوعار نەبێت. پێمخۆشە ئاماژە بە ئەوەش بکەم کۆمەڵگەی مەدەنیی چالاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیەکی باشی هەیە. ئەو کۆمەڵگەیە لە هەستان و دانیشتن و پێوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی فارس و تورک و ئەوانی دیکەش دەبی تێبکۆشی ئاوا فکر بکاتەوە و گوفتمانێک بێننە گۆڕێ کە بیرۆکەی ئاڵتێرناتیڤسازی لەنێوخۆی وڵاتدا شکڵ بگرێت. هەر لە تاران لە ماوەی چەند مانگی ڕابروودا خەڵکانێکی زۆر کە بەشێک لەو سیستەمە بوون، ئێستا لە قسەکانیاندا بەشێکی زۆر ئەو سیستەمەیان بەجێ هیشتووە و باس و لێکدانەوەکان کە بڵاو دەبنەوە لەوێش هەن کە زۆر بە سەراحەت قسە دەکەن. ئەوانەش دەتوانن بەشێک لەو پڕۆژەیە بن. ئێمە دەبێ بەشێک لەو خەڵکەی لەگەڵ نیزامی کۆماری ئیسلامی بووە و ئەگەر دەرفەتی هێنا و وازی لێ هێنا یا ئەگەر مەجالێک ببینێتەوە لەگەڵی نامێنێ، ئەوانە نابێ لێیان بدەین. دەبێ بە جۆرێك نەقش و جێگەی خۆیان پێ بدەین بۆ ئەوەیکە ئەو نیزامە لە نێوخۆی وڵاتدا بەرەوڕووی دژبەرانی بێتەوە.
کورد و شوناسخوازی لە ئێراندا
بیرۆکەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆماری کوردستان مەسەلەی میللی و نەتەوایەتییە، مەسەلەی شوناسە و جەوهەری ئەو جووڵانەوەی ئێمەش هەر ئەوەیە. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەتەنیا لەوەدا کەمی نەهێناوە، بگرە ئێستاش بە سیمبولی ئەو جووڵانەوەیە دادەنرێ و لە بۆعدی شوناسدا دەچێتە پێشێ. لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕبووونەوە بۆ جێبەجێکردنی مەیدانیی ئەو شوناسە حەوجێی بە دامەزراوەی زۆرتر هەیە. پڕۆسەی میللەتسازی بە مانای سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ لەژێر ڕووناکایی ئەوەدا بچێتە پێشێ. میللەتسازی بەو مانایە دەڵێم کە جۆراوجۆرییەکانی نێو کورد بە هەموو ناوچەکان و زاراوەکان و هەمووی ئەوانە دەبێ لە تەعاموول لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی بەو قەناعەتە بگات کە ئەو کوردستانێکی لە مۆقابیلدا هەیە. نمونەیەک لە زۆر بۆچوونەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لەو وتووێژانەش کە جار و باریش دەبوو، ئەوان باسی زمانی دایکیان دەکرد و لەوە ئامانجی تایبەتییان هەبوو. سەردەمی شا دەگوترا تێبکۆشین بۆ ئۆستانە جۆراوجۆرەکان بە لەهجەی جۆراوجۆری کوردی ڕادیۆ دابندرێ و بە لەهجەی ئیلامی و کرماشانی و ئەوەیکە ئێمە پێی دەڵێین شکاکی، یا ناوچەکانی دیکە بۆ ئەوەی کە زمانی یەکگرتووی کوردی دروست نەبێت. ئەوە بە ئێمە دەڵیێ: بەشیک لەو شوناس و لەو جموجۆڵە لە نێوخۆی وڵاتدا دەبێ تێبکۆشێ ئەو گوفتمانە واحیدە، یا ئەو دامەزراوە یەکگر و یەکگرتووە لەوێ دروست بکات.
لاوازیی ئێستای ئێران و کاریگەریی لەسەر پرسی کورد
شکان و پاشەکشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بۆ ئێمە ئەوەی تێدا بخوێنینەوە کە خەبات و تێكۆشانی جووڵانەوە ی کورد و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و ڕابردووی پڕ شانازیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و ئەو جمووجۆڵە مەدەنییە لە نێوخۆی وڵات لە ڕاستیدا خەریکە ئاکامەکانی خۆی وەربگرێت. تەنیا ئەوە کە لەسەر ئەو باوەڕەم گۆڕانکارییەکان و پرسی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی قەتیسی نەکەینەوە بە کوردستان. ئێمە بەتەنێ شان وەبەر ئەو هەموو کێشانە نەدەین بۆ ئەوەی وای لێ نەیەت کۆمەڵگەی ئێران هەر پێمان هەڵبڵێن ئەوە کوردەکان شۆڕشگێڕن و زیرەکن و کۆڵ نادەن و لە مانگرتن و خۆپێشاندان و هەمووی ئەوانەدا لە خەتی مۆقەدەمن. ئێمە دەبێ بچینە نێو مۆعادڵات و مۆعاملاتێک کە ئەوان زۆرتر ئەرکدار بکەین، دەنا قەرار بێت هەر ئەوە ببێتە ئەمری واقع و لەگەڵی بڕۆین و شتەکە هەر لە کوردستان بێت و فشارەکە هەر لە کوردستان بێ و هەزینەکە هەر ئێمە بیدەین؛ لە ڕاستیدا ئەوە بۆ ئێمە گران تەواو دەبێت.
ڕاستە شعووری نەتەوایەتی و ناسیۆنالیستیی کورد لە ئێران زۆر لەپێشە. یەکەم حیزبی کوردی مۆدێڕن و کۆماری کوردستان لەوێ دامەزرا و بەشێک لەوە بووە بە فەرهەنگ لە ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەدا. ئێمە واقعیەتێکمان قەبووڵ کردوە یا بەسەرماندا تەحمیل کراوە، ئەگەر کورد یەک میللەتە کە وایە و کوردستانیش یەک خاکە کە ئەویش وایە، بەڵام لە بۆعدی سیاسیدا یەک چارەنووسیان نیە. هۆیەکی ئەوەیە کوردستانی ئێران یا ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەسیری خۆی و شێوەی خۆی هەیە و چارەسەری قەزیەی کورد لە ئێران داروولەلەی خۆی هەیە. چارەسەری قەزییەی کورد لە عێڕاقیشدا -کە تا ڕادەیەک حەل بووە و ئێستاش بەردەوام دەچێتە پێشێ- شێوەی خۆی و کاری تایبەتیی خۆی هەیە. ئەوەی سووریە و تورکیەش هەر تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە من لەو باوەڕدا نیم کۆپیبەرداری بکەین و بڵێین کۆپیی حەلی عێراق یان کۆپی حەلی سووریە یا تورکیە یان ئێران لە شوێنەکانی دیکەش کردەنی دەبێت. لە ڕووی ئۆسوول و پڕەنسیپەوە حیزبی دێموکرات دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا ناکات و لەعینی حاڵیشدا پشتیوانی لە ڕێگاچارەی سۆڵح و چارەسەری پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کورد بە داننان بە مافی نەتەوایەتیی کورد لەو وڵاتانە دەکات. حیزبی دێموکرات هەمیشە هەوڵی داوە فاکتۆرێک بێت بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و هەر بەو جۆرەش ئینتزارمان هەیە حیزبی پارچەکانی دیکە دەخالەت لە کاروباری قەزیەی کورد لە ئێراندا نەکەن، چونکی ئەوە کێشەکە زۆرتر دەکا، ئاڵۆزتری دەکات. لە ڕاستیدا ئەمن لە بۆعدی نێودەوڵەتییشدا ئێستا چارەسەرێکی واحد بۆ قەزیەی کورد نابینم، بۆیە لەسەر ئەو باوەڕەم کە لەپێناو چارەسەری پرسی خۆمان لە ئێران ئێنڕژییەکان هەر لە نێوخۆی وڵاتدا و لە چوارچیوەی کوردستان ئێراندا بەکار بهێندرێ.
وانەکانی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد
دەرسی یەکەم ئەوەیە ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئاڵتێرناتیڤی هەبوو، حکوومەتێکی سێبەری هەبوو، ئایا لە ئێران ئەوەمان بۆ دەکرێ؟ با هەوڵ بدەین هەرچی زووتر ئەوەی لە تواناماندا هەیە ئاڵتێرناتیڤێک دروست بکەین و ئەگەر کرا حکوومەتی سێبەریش دروست بکەین و خەڵکی ئێران بڵێن ئەوە ئاڵتێرناتیڤ هەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بزانێ ئەگەر نیزامی کۆماری ئیسلامی ڕووخا ئێمە نیگەران نابین و ئەوە ئاڵتێرناتیڤ هەیە.
دەرسی دووهەم پێوەندیدار بە پرسی کوردە. ئەمن دەخالەت لە کاروباری کوردی سووریەدا ناکەم و ئەوان بۆخۆیان وەزعی خۆیان باشتر دەزانن و بۆخۆیان حکوومەتێکی دیفاکتۆیان هەبووە. بە باوەڕی من ئەوان دەتوانن هەر لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی بە داوی ئەوەدا بڕۆن و ڕادەی سەرکەوتنی ئەوان لەو مۆعامەلاتەدایە. سیاسەت بەشێکی مۆعاملەیە و لە مۆعامەلە لەگەڵ دەولەتی مەرکەزی بۆ ئەوەی کە بمێننەوە یا زەرەرمەند نابن و تەجرووبەی ئەوان دەتوانێ بۆ ئێمەش لە داهاتووی ئێراندا کەڵکی لێ وەربگرین کە ئەگەر نیزامی کۆماری ئیسلامی نەما و ئێمەش ڕەنگە لەگەڵ دیفاکتۆیەک ڕووبەڕوو بین ،لە کوردستان دەسەڵات بین؛ وەک چۆن لە سەردەمی دوای ئینقلابی ئێراندا دەسەڵات بووین. بەڵام چۆن تەعاموول بکەین لەگەڵ ئەو نیزامەی لە تاران دێتەسەر کار، ئەویش حەتمەن شەرت و شروتی خۆی دەبێت و، ئێمەش شەرت و شرووتی خۆمان هەیە. بۆیە تەجرووبەی ئەوان لە سووریە بۆ بەشەکانی دیکەش گرینگە.
سەبارەت بە دانوستانەکانی حکوومەتی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان
سەرەتایەکی باشە. با ئێمە لە تیوریی پیلان و هاوکێشەکانی نێودەوڵەتی تێپەڕین. لە پاڕلەمانی تورکیە باسی پرسی کورد دەکرێ و دەوڵەت باخچەلی وەک توندڕەوێکی تورک بەو قەناعەتە گەیشتوە کە دەبێ چارەسەر بکرێت. دەکرێ ئێمەش ئەو عەقڵییەتە لە ئێراندا بەهێز بکەین و با غیرە کوردەکانی ئێرانی و کەسایەتییەکانیان لە تاران و لەنێو تورکەکانیش بێنە نێو ئەو بابەتانەوە. دەبێ شەقامەکە لەگەڵ ئەوە بێت و بیرۆکەی چارەسەری بچێتە نێو مێشکیان کە ئەو مەسەلە بۆ وای لێ هاتوە. بە باوەڕی من ئەوە شتێکی باشە کە ئەو عەقڵییەتە دروست بێت هەتا پرسی کورد لەو وڵاتانە چارەسەر نەبێت، ئارامی و سەقامگیری تێیدا جێگیر نابێت.
بۆ باخچەلییەکان لە ئێران دەرنەکەوتوون؟
فەزای سیاسیی ئێران لەگەڵ تورکیە جیاوازیی هەیە. فەزای سیاسیی ئێران هیچ مەجالێک نادا و تا ئێستا نەیداوە و نەفەسێک نەهاتۆتە گۆڕێ. بەڵام ئێستا کە وەزعیان شپڕێوە و لەنێو خۆیاندا کیشە دروست بووە و خەڵکانێک هەن هەر لە تاران و لەوێ باسی پرسی کورد دەکەن، ئێمە دەبێت ئەوانە و ئەو دەنگانە لە تاران بەهێز بکەین و زۆریان بکەین. پێیان بڵێین ئێوە نیگەرانی داهاتووی ئێرانن و نیگەرانن ئەگەر نیزامی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ ئێران تەجزییە دەبێت، ئەوا ئێمە چارەسەرمان هەیە. ئێوە دەسەڵات لە تاران یان تاران لەڕووی سیاسییەوە ئەوەندە سەرنجڕاکێش بکەن کە ئێمەی کورد بە دوای ئەوەدا نەڕۆین. جا بڵێین ماندووبووین و لێتان وەڕەز بووین لێتان و بە دوای تەشکیلی دەوڵەتی میللیی خۆماندا دەڕۆین. بۆیە بە لای منەوە گرینگە ئەو باسانە لەنێوخۆی ئێراندا بێننە گۆڕێ و ئێمە دەبێ لەو ڕێکارانە ماندوو نەبین.
دیاردەی جۆرج تاون و دەرەنجامەکەی
پڕۆژەی جۆرج تاون سەری نەگرت، نەدەباش سەری گرتبایە و سەریشی نەدەگرت. جۆرج تاون ئاڵتێرناتیڤی مۆناسبی نێودەوڵەتی نەبوو، و میدیای فارسی زمان زۆر هێنایانە گۆڕێ و لایەنێک بەڕێوەی دەبرد. من زۆر پیش جۆرج تاون لەو باوەڕەدا بووم کۆڕی شای بە تەمای شایەتی نیە، بە تەمای ئەوە نیە بگەڕێتەوە و بە تەمای ئەوە نیە ئێران ئیدارە بکات. ئەو ئیرادەی شابوون و قەبووڵی بەرپرسایەتی و ئیدارەکردنی ئێرانی نییە و ئەگەر ئەو ئیرادەی هەبا واقعیەتی کۆمەڵگەی ئێرانی قەبووڵ دەکرد و ڕەهەندێکی بەربڵاوتری پێ دەدا. بە باوەڕی من براوەی جۆرج تاون فەقەت ئەو بوو، و ئەوانی دیکە هەموو دۆڕان. بۆ؟ چۆن خۆی هێنایە گۆڕێ و لە جووڵانەوەی ژینا دا لانی زۆری کەلکی وەرگرت و میدیاکانی ئینگلیزی و فارسی ڕوویان تێ کرد و تەبلیغیان بۆ کرد. یانی هاتەوە نێو بازاڕی بورسی سیاسەت. پێمخۆشە ئەوەش بڵێم ئەو بۆچوونەی ئێمە لەسەر کوڕی شای بە مانای ئەوە نییە ئیمە دوژمنایەتیی لایەنگرانی کوڕی شای دەکەین. حیزبی دێموکرات بە نەچوون بۆ نێو جۆرج تاون بەو عەقڵییەتیەوە کە ئەوانی لە یەک کۆ کردبۆوە، سیاسەتێکی باشی هەبوو. جۆرج تاون هەر نەدەبوو بە شت و ئەوەیکە شکستی خوارد پەیامێکی تێدا بوو، ئەویش ئەوە کە ئەو عەقڵییەتە ناتوانێ ببێت بە ئاڵتێرناتیڤی داهاتووی ئێران و ئێمە لەگەڵ ئەو جۆرە عەقڵییەتە ناڕووینە پێش.
پرسی نێوخۆیی کورد و ئالترناتیڤ بۆ ناوەندی هاوکاری
هەر ئێستا حیزبی دێموکرات لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەورێکی دیکە لە دانیشتن و گفتوگۆی دەست پێ کردوە. لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا تەنانەت پڕۆژەیەکیشمان ئامادە کردوە کە دەگەڵ لایەنەکان باسی بکەین و ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە خەسارناسییەکی پێوەندییەکانمان لە ڕابردوودا هەیە. ئێمەی کورد لە خەسارناسی و داننان بە هەڵەی خۆمان یان تەمبەڵین یان بوێریی ئەوەمان نییە. ئەو ئێعترافە دەبێ هەموو لایەک بیکەن بزانین کە چەندی وەبەر دەکەوێ و ڕەنگە ئەمە زەمینە خۆش بکا بۆ دروستکردنی ئاڵتێرناتیڤێکی کوردی بۆ مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی ئێرانی و تەنانەت لە بۆعدی نێودەوڵەتیشدا کەڵکی لێ وەربگیردرێ.
نێوخۆی ڕۆژهەڵات وەک سەرچاوە و گۆڕەپانی سەرەکی
نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی ئیلهام و گۆڕەپانی سەرەکیی خەباتی ئێمەیە و دەشمێنێ. حیزبی دێموکرات پێشەوا قازی محەممەدی لێ لە سێدارە درا، دوکتور عەبدوڵڕەحمانی قاسملوو لەسەر میزی مۆزاکێرە لە دەست چوو، دوکتور شەڕەفکەندیی تێرۆر کرا، هەروەها ئێمە مووشەکباران کراین و سەدان کادرمان تێرۆر و هەزاران پێشمەرگەمان شەهید کران، بەڵام ئەو حیزبە هەر لە جێگەی خۆیەتی و لەسەر پێ ماوەتەوە، کوێ هێشتوویەتەوە؟ نێوخۆی وڵات، ئەو جێگەی حیزبی دێموکراتی لێ لە دایک بوو. جا ئەگەر وایە ئەوێیە پاکانە حسێب لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکات. کە مووشەکباران کراین، گوتمان ئێمە مووشەکمان نییە بۆیان بنێرێنەوە، بەڵام بە سەدان هەزار خەڵکمان هەیە و دەقیقەن کۆماری ئیسلامییش دەگەڵ ئەوە بەرەوڕوو بۆوە. بۆیە بە باوەڕی من ئەوە دەبێت ئەسڵێکی ئێمە بێت و هەر ئەوێ مەیدانی تەغزییەی حیزبی دێموکرات و هێشتنەوەی حیزبی دێموکراتە، و هەر ئەوێیە دەتوانێ پەیامێکی باش بە نیزامی حکوومەتی و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات.
ئەرکەکانی بەردەم حیزبی دێموکرات؟
حیزبی دێموکرات سەرەتا پێویستە لەگەڵ حیزبە کوردییەکان پێوەندییەکانی باش بێت و ئەگەر لە ڕابردوودا پێکەوە لەسەر پڕۆژەی هاوبەش سەرکەوتوو نەبووین، زیاتر هەوڵی بۆ بدەین. حیزبی دێموکرات پێویستە لە پڕۆژەی ئاڵتێرناتیڤسازی ئێرانیدا بێتەفاوەت نەبێت و هاوکات بە دوو ڕوخسار و بە دوو شێوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەولەتی تەعامووڵ بکات. ئێمە بەرانبەر بە چەندوچۆنیی ئاڵتێرناتیڤی دەسەڵات لە داهاتووی ئێران بێتەفاوەت نین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پرسێکمان هەیە بە ناوی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو هەوڵەکەمان بۆ دێموکراسی لە ئێران و مافە نەتەوایەتی و سیاسییەکانمە.