ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۱ی بەفرانباری ۱٤۰۳ی هەتاوی، کاک ناسر حوسێنی کوڕی خاڵۆ جافر خەڵکی گوندی بۆڕیەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا لە تەمەنی ۷۱ ساڵیدا لە شاری سنە کۆچی دوای کرد.
کاک ناسر سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ برایەکی دیکەی بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە هێزی زرێباری مەریوان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی دەکرد.
ناوبراو ساڵی ٦۲ بە هۆی ژیانی نالەباری بنەماڵەکەی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، بەڵام بەردەوام هاوکاریی تیمە تەشکیلاتییەکانی کۆمیتەی شارستانی مەریوان و هێزی زرێبار و زاگرۆسی دەکرد.
کاک ناسر تا کاتی کۆچکردنی دڵسۆز و وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزب مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر و گوندەکانی دەوروبەر لە گۆڕستانی بۆڕیەر بە خاک ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.