پێویستیی پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد
ئورشەلیم پۆست – لوقمان ڕادپەی
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
وەک بەشێک لە ستراتێژیی بەرینی وڵاتە یەکگرتووەکان، لەجیات سازش لەگەڵ توندئاژۆکان، وەکوو لە سووریە دەبینرێ، هاوکاریکردنی کوردان بژاردەیەکی پراگماتیکە. وڵاتە یەکگرتووەکان دەمێکە ناچار بووە ڕێگاچارەی دژوار لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەڵبژێرێ و زۆر جار لەگەڵ لایەنی نە زۆر باش بووتەوە هاوپەیمان تا ئامانجە ستراتێژیکییەکانی دەستەبەر بکات. نوێترین دۆخی ئەوتۆ، تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ "حەیات تەحریر ئەلشام" بوو تا بتوانێ ڕێژیمی ئەسەد بنکۆڵ بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئێران بەردەوام یەکێک لە ئالنگارییەکانی واشینگتۆن لە ناوچەکەیە، تێوەگلانێکی هاوشێوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێک کە ڕوانگەیەکی جیاوازی هەیە، دەتوانێ خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل بۆ گۆڕینی ڕێژیم بکات.
تاقمە ئەتنیکی و نەتەوەییەکان، بە تایبەت کوردەکان، دەورێکی سەرەکییان لە دروستکردنی ئالنگاری بۆ دەسەڵات و ڕەوایی تاران گێڕاوە. گەلی کورد، کە گریمانە دەکرێ حەشیمەتیان بگاتە ١٢ میلیۆن کەس، ماوەیەکی دوورودرێژە بەرەوڕووی هەڵاواردنی سیستماتیک، سڕینەوەی کولتوور و سەرکوتی سەربازیی دەبنەوە. لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لە ١٩٧٩، حیزبە کوردییەکان دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم وەستاونەوە و خوازیاری خۆبەڕێوەبەری، حوکمڕانیی دێموکڕاتیک، مافی کەمینەکان و تەنانەت سەربەخۆیی بوون کە ئەمەیان لەلایەن پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) داوای دەکرێ. هێزەکانی ئێران بەردەوام ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵات، یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک کوردەکان پێی دەڵێن) هەم بە هێزی سەربازیی و هەروەها ئابوورییەوە بە ئامانج دەگرن.
هاوتەریببوون لەگەڵ ئەوانەی هاوبیری پرینسیپەکانی حوکمڕانی و پاراستنی مافی هەموو لایەکن
بۆ واشینگتۆن، ئۆپۆزیسیۆنی کورد، نوێنەرایەتی دەرفەتێکی تاقانە بۆ لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران دەکات، هاوکات کە خۆی لەگەڵ ئەو لایەنانە دەگونجێنێ کە خوازیاری پڕەنسیپە سەرەکییەکانی حوکمڕانی و پاراستنی مافی هەمووانن. ئۆپۆزیسیۆنی کورد سێکولارە، دەیان ساڵە بناخەیان لەسەر ڕێکخستنی سیاسی دامەزراوە و، هاوتەریبی بایەخە دێموکڕاتیکەکانن. پشتگیریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کورد، دەتوانێ ڕێژیمی ئێران ناچار بکات سامانەکانی ئاراستەی نێوخۆ بکات و تواناییەکانی بۆ دەستێوەردان لە سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن سنووردار دەبێ. لایەنە کوردییەکان خۆیان لە بەستراوەیی بە ئایدیۆلۆژییە توندئاژۆکان پاراستوە و لەجیاتان جەختیان لەسەر چارەی خۆ ووسینی دێموکڕاتیک کردوە. بێجگە لەوە، بەهێزکردنی هێزە کوردییەکان لە ئێران دەتوانێ تەواو کەری پشتگیریی وڵاتە یەکگرتووەکان لە کوردی عێراق و سووریە بێ، کە دەتوانێ ببێتە هاوسەنگییەکی بەربەرینتری ناوچەیی لە بەرانبەر تێرۆریزم و توندئاژۆییدا.
پشتگیریی دارایی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانێ یارمەتیدەری ڕایەڵە مێدیاییەکانی کوردی، هەم لە دەرەوەی وڵات و هەروەها لەنێوخۆی ناوچە کوردییەکاندا بێ. هەروەها، پشتگیریی نهێنی لە هێزە کوردییەکان دەتوانێ بەشینەوەی زانیاریی هەواڵگریی، تەکنەلۆژی چاودێریی و، ئامێری تاکتیکی بۆ پشتگیریکردن لە کوردان بێ تا بتوانن لە بەرانبەر سەرکوتە سەربازییەکانی ڕێژیم بەرگریی لە خۆیان بکەن. هەموو ئەوانە دەتوانن بێ تێوەگلانی ڕاستەوخۆی هێزی سەربازیی وڵاتە یەگرتووەکان جێبەجێ بکرێن.
بەڵام، ئالنگاریی لۆجیستیکیی بەرچاو بۆ ستراتێژیی پشتگیرییلە کوردانی ئێران هەن. دەستڕاگەیشتن بە ڕۆژهەڵات ساکار نییە، بە تایبەت بە لەبەرچاو گرتنی بوونی هێزی سەربازیی تاران و کۆنتڕۆڵی ئەوان بەسەر ناوچەکەدا. هیچ حوکمڕانییەکی هاوشێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق لە ئارادا نییە کە بتوانێ بوار بۆ گواستنەوەی سامان بڕەخسێنێ و ببێتە پێگەیەک بۆ پشتگیریی وڵاتە یەکگرتووەکان. وڵاتە یەکگرتووەکان ناچارە بە نهێنی هاوکاریی لەگەڵ ڕەوەندی کورد لە هەڕێمی کوردستان بکات تا بتوانێ چارەسەری بەربەستە لۆجیستیکییەکان بکات. لە کاتێکدا کە دەستێوەرردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ کردەنی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشینەوەی زانیاریی هەواڵگریی و یارمەتی مرۆیی کاریگەریی دەبێ.
ئەزموونی سووریە سێ وانە دەسەلمێنێ: یەکەم، دژبەرانی ڕۆژئاوا زۆر جار هێندەی بانگەشەی بۆ دەکەن بەهێز نین. دووهەم، لاوازکردنی ڕێژیمە دیکتاتۆڕەکان زۆر جار پێویست بە تێوەگلان لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات، هەرچەند بێ خەوشیش نەبن. سێهەم، مەترسییە درێژخایەنەکانی خاوەن دەسەڵات کردنی لایەنە توندئاژۆکان، دەتوانێ ئەو ئامانجانە بنکۆڵ بکات کە ئەوان دەڵێن بەتەمای دەستەبەر کردنیانن.
ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە کوردانی ئێران قەت پشتگیریی بەرچاویان بۆ چاکسازیی پێکهاتەیی یان پەرە پێدانی پرۆسە دێموکڕاتیکەکان وەرنەگرتوە، جا چ لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ناکارامەی ئێرانییەوە بووبێ یان لە لایەن سەرچاوە ڕۆژئاواییەکانەوە. پشتگیریکردنی کوردانی ئێران دەرفەتێک بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان دەستەبەر دەکات تا بتوانێ دەسەڵاتی تاران لاواز بکات. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بە تەنیا دەتوانێ ڕێژیم بڕووخێنێ یان داهاتووی ئێران بگۆڕێ. بەڵام، وەک بەشێک لە ستراتێژییەکی بەربەرینتری وڵاتە یەکگرتووەکان، هاوکاریکردنی کوردان بژارەیەکی پراگماتیک لەجیات سازشکردن لەگەڵ توندئاژۆکانە کە لە سووریە دەبینرێ. ئۆپۆزیسیۆنی کورد دەتوانێ تا پێشکەشکرانی دوورەدیمەنێکی جێگای متمانە و دێموکڕاتیک بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی تاران تووشی ئالنگاری بکات. بە گەڕانەوەی سیاسەتی ئەوپەڕی زەختی ترامپ دژی ئێران، ئەوە دەرفەتێکە کە شایانی تاقیکردنەوەیە.