کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گازی ١٢ کۆمەڵەی پێترۆشیمی لە ئێران پچڕا

10:40 - 16 بەفرانبار 2724

لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانی وزە و سووتەمەنی، ئەحمەد مەهدەوی ئەبهەری، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی خاوەنکارانی پیشەسازیی پێترۆشیمی، بڕینی گازی ١٢ کۆمەڵەی پێترۆشیمیی لە ئێران ڕاگەیاند.

مەهدەوی لە میانەی ڕێوڕەسمێکدا ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی گاز لە کەرتی ماڵان و سنووردارکردنی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی پێترۆشیمی بووە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو و لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانی وزە لە ئێران، بەشێک لە وزەخانەکانی گاز لە مەدار هاتنە دەرەوە و هەر ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی کەمیی کارەبا و گاز و زیادبوونی قەیرانی کەمیی وزە لە ئێراندا.

مەسعوود پزشکییان، بە ئاماژە بە قەیرانی کەمیی سووتەمەنی و وزە لە ئێران، ڕۆژی ٦ی بەفرانبار ڕوو لە خەڵک وتبووی: ''شەرمەزارە کە دەوڵەت ناچار بوو کارەبا و گاز ببڕێت.''

نەبوونی توانایی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی گازی پێویستی وڵات، لە حاڵێکدایە کە ئێران دووهەمین وڵاتی خاوەن پاشەکەوت و سێهەم وڵاتی بەرهەمهێنەری گازی جیهانە.

بەپێی حیساباتی بەشێک لە کارناسانی سەربەخۆ، ئەگەر ڕەوتی ئێستای بەکارهێنانی وزە لە ئاسۆی ساڵی ١٤١٠دا ئیدارە نەکرێت، مەودای قەیرانەکە لە کەرتە جیاوازەکانی وزەدا فراوانتر دەبێت.