
ناسەقامگیربوونی نرخی دراو و گەیشتنی بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکا بە ٨٠ هەزار تمەن لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ دەسەڵاتی یاسادانەر، جێبەجێکار و دادوەریی ڕێژیمی پێکەوە کۆ کردەوە.
لەم کۆبوونەوەدا کە ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار بەڕێوە چوو، لە سەر دەسەڵاتی بانکی ناوەندی بە سەر دراوە دیجیتاڵەکان جەخت کراوەتەوە و ڕێگە بەم بانکە دراوە کە ڕێکخستن و چاوەدێری تەواو بە سەر بازاڕی دراوە دیجیتاڵەکان ئەنجام بدا.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بە فەرمانی ئەم بانکە، سیستمی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی ڕیاڵیی دراوە دیجیتاڵییەکان داخرا.
ئەم هەوڵەی بانکی ناوەندیی ئێران کاردانەوەی زۆری لەلایەن چالاکانی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بە دواوە بوو.
ئەم بانکە بۆ کردنەوەی ئەم سیستمانە مەرجگەلیکی داناوە کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی کاروبار و چالاکیی ئەم کەسانە.
بەهۆی گەمارۆ بەرفراوانەکان و دابڕانی تۆڕی بانکیی ئێران لە جیهان لەلایەک و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و داڕمانی بەهای ڕیاڵ لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی دراوە دیجیتاڵەکان لە ئێران لایەنگری زۆر بووە.
ماڵپەڕی سەرۆککۆماریی ئێران، قووڵکردنەوەی بازاڕی دراوی بازرگانی و چاوەدێری و کۆنتڕۆڵکردنی داواکارییەکان بۆ دراوی بازرگانیی وەک دوو پەسەندکراوی دیکەی کۆبوونەوەی سێ دەسەڵاتی ڕێژیم و بانکی ناوەندی ڕاگەیاند.