جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕەخنەی لە بەشێک لە عەمەلیات و هێرشەکانی ئیسرائیل لە دژی ئەم گرووپە لە کاتی ئاگربەستدا گرت و بە باسکردن لە گەڕانەوەی تووڕەیی حیزبوڵڵا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد.
نەعیم قاسم بە وتنی ئەوەیکە ڕەنگە سەبر و ئارامیی حیزبوڵڵا تەواو بێت، زیادی کرد: ''هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ چالاکیی موقاومەت دانەنراوە و سەبرمان بەو کاتەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن پێوستە، بەستراوەتەوە.
ناوبراو وتوویەتی: ''ڕەنگە سەبری ئێمە پێش یان دوای ٦٠ ڕۆژ کۆتایی بێت، کاتێک بڕیار دەدەین ڕێوشوێن بگرینەبەر و ئێوەش خۆتان دەیبینن''.
حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل دوای دەرگیری نیزامیی دوو مانگە، کە بووە هۆی ئەوەیکە بەشێکی گەورەی توانا سەربازییەکانی ئەو گرووپەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو بچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی لەوانە حەسەن نەسروڵڵا نەمێنن، لەسەر ئاگربەستێکی سێ مانگە ڕێککەوتن.
بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل ناچارە تا کۆتایی مانگی ژانویە بەتەواوی لە لوبنان بکشێتەوە و ئەرتەشی لوبنان ئەرکدار کراوە ناوچە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکات و ڕێگری لە گەڕانەوەی حیزبوڵڵا بۆ ئەو ناوچانە بکات.
لە کاتی ئاگربەستدا، ئیسرائیل چەند جارێک هێرشی کردە سەر پێگەکانی ئەم گرووپە و ڕایگەیاند کە ئەو ڕێوشوێنانە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئاگربەستەکە دەگرێتەبەر و ئامانجیشی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانە یان بنکانەیە کە مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە پێشێل دەکەن.
حیزبوڵڵای لوبنان کە بەهێزترین گرووپی نیابەتیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بوو، دوای ئەوەی بە بیانووی پشتیوانیکردن لە غەززە هاتە نێو شەڕی نێوان حەماس لەگەڵ ئیسرائیل، زیانێکی زۆری پێ گەیشت و لاواز بوو.