کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوبوونەی پەتا و هەڵامەت لە ئێران و نەبوونی واکسەنی پێویست

12:26 - 16 بەفرانبار 2724

میدیاکانی نێوخۆی ئێران باسیان لە بڵاوبوونەوەی سێ ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئانفوڵانزا و ڕاینۆ کردووە کە بەهۆی نەبوونی واکسەنی پێویستەوە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئێران بڵاو بوونەتەوە.

قوباد مورادی سەرپەرستی ناوەندی بەڕێوەبەریی نەخۆشییە گیرۆکانی وەزارەتی تەندروستی، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیم باسی لە ڕێژەی بەربڵاوی گیرۆدەبووان بە ئانفوڵانزا لە ئێران کردووە.

ڕۆژنامەی "هەم میهەن" لە ڕاپۆرتێکدا هێناویەتی کە ئەمساڵ نزیک بە ٥٠٠ تا ٦٠٠ هەزار واکسەنی ئانفوڵانزا دابەش کراوە کە بەشێکیان دروستکراوی نێوخۆی ئێران بوون.

ئەم ڕۆژنامە زیادی کردووە کە واکسەنە دەرەکییەکان بەهۆی گەمارۆکانەوە بە ڕێژەیەکی کەم هاوردە کراوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی گرووپە لە پێشینەکان کوتانیان بۆ ئەنجام نەدرێت.

پزیشکێک لە نەخۆشخانەی "سینا"ی ئێسفەهان کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری بە هۆکاری سەرەکیی نەبوونی واکسەن زانی.

هادی یەزدانی لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی گۆڕینی کتوپڕی دەوڵەت و ناکارامەیی بەرپرسان لە پێوەندیی لەگەڵ داواکردنی واکسەن بە ڕێژەی پێویست لە کاتی خۆیدا ئەم کێشەیە دروست بووە و کەسانێکی زۆر کە پێویستیان بە واکسەن هەبووە لە کوتان بەجێ ماون.

عەلیڕەزا ناجی، شارەزای زانستی ڤایرۆسناسی لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە خەڵکێکی کەم دەستیان بە واکسەنی دەرەکی گەیشتووە و نموونەی ئێرانیش بە کەمی لەلایەن خەڵکەوە بەکار هاتووە و لە ئاکامدا گیرۆدەبوون بەم نەخۆشییانە پەرەی سەندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ٣ لە سەدی نەخۆشەکان بە واکسەنی کۆڕۆنا گیرۆدە بوون و ١٠ لە سەدیان بە واکسەنی ڕاینۆ و ٢٥ لە سەدیش بە واکسەنی ئانفوڵانزای جۆری "ئێچ وان ئێن وان".

نەبوون و کەمبوونی دەرمانەکان لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی جیددی بۆ خەڵک.