ئاژانسی هەواڵی ئیسنا ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانبار، لە زاری قوباد مورادی، بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاوی کردەوە کە لەسەر ئاستی جیهانیدا ڕووبەڕووی پەتای ئانفولانزا بەتایبەت ئانفوڵانزای وەرزی بووینەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەم ڕۆژانەدا بڵاوبوونەوەی ئانفوڵانزای "H1 N1" لە ئێران و هەندێک وڵاتدا زۆرە.
ناوبرا وتیشی کە نزیکەی ٤٠٪ ی خەڵک بەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان بەهۆی ئەو پەتایەوە سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە.
هەرەەها بە وتەی بەڕێوەبەری ناوەندی نەخۆشییە گواستراوەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەو کەسانەی نەخۆشیی بنەڕەتییان هەیە، بەتایبەتی بەساڵاچووانی تووشبوو بە نەخۆشی، یا ئەو کەسانەی کە کۆئەندامی بەرگریی لەشیان کەموکوڕی هەیە، یا ئەو کەسانەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان، یا نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە و چەندین نەخۆشی دیکەی لەو جۆرە، یا ژنانی دووگیان، لەنێو ئەو گرووپە هەستیارانەی کۆمەڵگادان کە مەترسی زۆریان لەسەرە.
لەم پێوەندییەدا قوباد مورادی پێشنیاری کردووە کە گرووپە هەستیار و مەترسیدارەکان ئەگەر بۆیان بەردەست بوو دەرزی تایبەت بە ئانفوڵانزا لێ بدەن.
ئەمەش لە حاڵێکدایە کە هاوکات بەشێک لە تووشبووان بە نەخۆشییە بنەڕەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسیان لەوە کردووە کە نەیانتوانیوە دەرزیی ئانفوڵانزا کە لە بازاڕی ئێراندا بدۆزنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە ئێرانیشەوە هەمیشە لەم وەرزەی ساڵدا ڕووبەڕووی توندبوونەوەی ئانفوڵانزا و بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری وڵاتدا دەبنەوە و پلاندانانی پێشوەختەی دەوڵەت بۆ ئەوەی خەڵک دەستیان بە واکسەنەکە بگات نابێت ببێتە ئەرکێکی قورس و جێبەجێ نەکرێ.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئێستادا لە ئێران، لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان ئانفوڵانزا لە پلەی یەکەمدایە، دواتر "ڤایرۆسی ڕینۆ" کە هۆکاری سەرمابوون و کۆرۆنا لە ڕیزی دووەم و سێیەمی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەداندان.