کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو کە نیشتمان ژوانگەی ئەبەدیی بوو (شەهید تاهیر جۆڵاکار)

01:17 - 17 بەفرانبار 2724

ئەو کە نیشتمان ژوانگەی ئەبەدیی بوو (شەهید تاهیر جۆڵاکار)

برایم چووکەڵی

کاتێک وەڵامی سەرەتاییترین داخوازەکانی هەر نەتەوەیەک بە ئاور و ئاسن دەدرێتەوە، کاتێک سەرکوت‌ و ڕەشەکوژی ‌و زەبروزەنگ جیگای ئازادی دەگرێتەوە، بێگومان ئەو نەتەوەیە ناچار دەبێ بۆ دیفاع لە ماف‌و ئازادییەکانی دەست بۆ چەک بەرێ ‌و بۆ وەدەست‌هێنان‌ و پاراستنی ئازادی چەک لە شان بکا. هەربۆیە نەتەوەی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک بە ٨٠ ساڵ لەوە پێشەوە حیزبی خۆی دامەزراندوە و بۆ وەدیهێنانی مافی ڕەوای لە ماوەی ئەو نزیک بە ٨ دەیەیە‌دا لەبەرامبەر درەندەترین دوژمنی ئازادیدا چەکی دەست داوەتێ‌ و شێلگیرانە درێژەی بە خەبات داوە. لە ڕەوتی ئەو خەباتە خوێناوی و دوور و درێژەشدا لە پێشکەشکردنی گیانی باشترین ڕۆڵەکانی‌ درێخی نەکردوە. یەکێک لەو ڕۆڵە تێکۆشەرانە کە لەم ژمارەیەی "هەگبەی شاخ و شۆڕش"دا ڕێز لە یاد و بیرەوەریی دەگرین، شەهیدی فەرماندە تاهیر جۆڵاکار ناسراو بە "تالی" لە ناوچەی مەهابادە. 

شەهید تاهیر جۆڵاکار ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە ئاوایی "کێچاوا"ی شاروێران سەر بە شاری مەهاباد چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. هێشتا لەسەر لانک بوو کە لە سۆز و خۆشەویستیی باوکی کۆچکردووی بێبەش بوو. ئەو سەرەڕای لەدەستدانی باوکی بە هۆی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی برا گەورەکەشی کەوتە زیندان و ئەو قۆناغە لە ژیانی بۆ تاهیر سەخت و دژوار بوو. لە تەمەنی ٧ ساڵیدا تالی چووە قۆتابخانە و قۆناغی سەرتایی قوتابخانەی لە ئاواییەکانی گابازەڵە و گردەگڕوێ تەواو کرد. پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن ڕووی لە شارەکانی نەغەدە و مەهاباد کرد و هەتا دووهەمی دواناوەندی دەرس خوێند.

كاتێك خۆپیشاندانه‌كانی‌ لە دژی ڕێژیمی‌ پاشایه‌تی‌ ده‌ستی‌ پێ‌كرد تالی به‌ چاو‌ و گوێی‌ كراوه‌وه‌ له‌ خۆپێشاندانه‌كانی‌ ساڵی‌ ١٣٥٧ی هه‌تاویدا وەک زۆربەی لاوانی شاری مەهاباد بەشداریی چالاکانەی خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی کرد. دوای ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە پاییزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە فەرمی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لەبەر کرد.

لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی سالی ١٣٥٩ لو ە یەکەم شەڕ لە ئاوایی باخڵە لە نیزیک شاری کامیاراندا بەشدار بوو. لەبەر ئازایەتی‌ و قارەمانەتیی بێ‌وێنەی ناوبراو بوو بە خۆشەویستی هەموو هاوڕێکانی. ئه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا نیشانی‌ دا كه‌ ڕۆڵه‌ی‌ ئازاو به‌جه‌رگی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی‌. سه‌باره‌ت به‌ ئازایه‌تی‌ و جوامێری‌، سه‌باره‌ت به‌ وره‌ی‌ به‌رز و هه‌ڵسووڕبوونی‌، سه‌باره‌ت به‌ ئیمانی‌ قووڵ به‌ ڕێبازی‌ حیزب و بزووتنه‌وه‌ی‌ ڕزگاری‌خوازانه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ زۆر زوو جیگای‌ خۆی‌ له‌ نێو ڕیزی‌ هاوسه‌نگه‌رانیدا كرده‌وه‌. ئه‌و ئاماده‌ی‌ هه‌ر چه‌شنه‌ فیداكاری‌ و گیانبازییه‌ك بوو. پاشان لە گرتنی پادگانی نەوسود و پاسگای دڕۆڵە ڕۆڵیکی گرینگی گێرا. تالی هەروەها یەکێک لە قارەمانەکانی شەڕی ٢٤ ڕۆژەی نێو شاری سنە لە ساڵی ١٣٥٩دا بوو. دوای گەرانەوە لە مەئموورییەتی جنووبی کوردستان لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبەوە تەشویق کرا .

هەستکردن بە بەرپرسایەتی، بردنەسەرێی زانیاریی سیاسی، خاکی و خەڵکی‌بوون، بوێری و سەراحەت لە قسەکردن، لەسەرەخۆ و بەئەخڵاق، فیربوون و فێرکردن لە تایبەتمەندییەکانی ناوبراو بوو. لە زۆربەی مەئمورییەتەکانی لکی ٣ی هێزی پێشەوا دا بەشدار بوو، و شەڕەکانی نێو شاری مەهاباد، مەنگوڕایەتی، شاروێران، دارەلەک و ئیندرقاش کە تاڵاوی شکستیان بە زاری دوژمن داکرد، مۆرکی نەترسی‌ و زاکوونی ئەو قارەمانە بەدەست‌وبردەیان پێوە دیارە و بۆ هەمیشە لە یاد و دڵ و دەروونی دانیشتووانی ئەو مەڵبەندە نەخشی بەستوە؛ شاهیدی بۆ قارەمەنەتی‌ و ئازایەتی تاهیر جۆڵاکار دەدەن.

لە هاوینی ساڵی ١٣٦٠ لە مەئمورییەتی  شومالی کوردستان (قوتور) برینداربوو، پاییزی ١٣٦٠ بوو بە سەرپەلی پەلی شەهید بالغی و پاشان بە هۆی لێهاتووییەکەی وەک فەرماندەری لکی ٣ی هێزی پیشەوا دیاری کرا. شەهید تالی پێشمەرگەیەکی هەڵسووڕ و فەرماندەیەکی لێوەشاوە بوو، گورج‌وگۆڵ‌ و کارلێهاتوو بوو، بەدەست‌وبرد و زەبروەشین بوو، نەعرەتەی شێرانەی زراوی دوژمنی توقاندبوو، چه‌ندین شه‌ڕی‌ گه‌وره‌‌ و بچووكی‌ دیكه‌ی فەرماندەهی کرد، له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمن چاونەترس و بوێر بوو به‌تایبه‌تی له‌ نێو شاری مەهاباد و دارەلەک ئازایه‌تیی ناوبراو هیچ‌کات له‌بیر ناچێته‌وه.‌

ئەو له‌ بواری‌ سیاسیشدا ڕۆژ له‌گه‌ڵ‌ ڕۆژ پله‌ی‌ زانیاریی‌ خۆی‌ به‌ره‌و سه‌ر ده‌برد‌ و هه‌وڵیشی‌ ده‌دا چه‌ندی‌ له‌ توانای‌دایه‌ له‌ بارهێنانی‌ سیاسیی‌ هاوڕێیانیدا نه‌خشی‌ هه‌بێ‌. شەهید تالی کوڕێکی خوێن شیرین، ئارام و مەتین، بەئەدەب و خەڵک دۆست بوو. بۆیە لە دوای شەهیدبوونیشی لە خۆشەویستیان چەندین منداڵ لە ناوچەکە بە ناوی ئەوەوە کرا.

مخابن فەرماندە تاهیر ڕۆژی یەکی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦١ لە شەریکی قارەمانانەدا لە چیای مۆسکە لە پشتی ئاوایی بەیتاس لەگەڵ هاوسەنگەریکی بە ناوی محەممەدجانی گیانی پیشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.