کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرپۆشی دیجیتاڵیش دێتە بازاڕ

01:30 - 17 بەفرانبار 2724

سەرپۆشی دیجیتاڵیش دێتە بازاڕ

دارسمە

ساڵی ٢٠٢٥ە و سەرەنجام گەشتی ئیرشاد بڕیاری داوە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو بەکار بهێنێت. ئێستا لە جیاتی ئۆتۆمبێلی "وەن"ی سپی و پۆلیسی مڕچ‌ومۆنی گەشتی ئیڕشاد، فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی بچووک بە کامێرا و هۆشی دەستکردەوە بەسەر شەقاماندا دەسووڕێنەوە و وەک "پاسەوانانی دیجیتاڵی عەفاف" ناسراون، هەموو ڕۆژێک بە زانیاریی نوێ بارگاوی دەکرێنەوە دەگەڵ نوێترین مۆدێلی پۆشین و فێڵی دەرچوون لە یاسا ئاشنا دەکرێن.

"یاسەمین گیان" هەرئێستا لە ئارایشتگا هاتووەتە دەرەوە، قژی بە جۆرێک ڕێک‌خستوە کەمێک لەژێر لەچکەکەیەوە دیارە. فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوان نزیک دەبێتەوە و بە دەنگێکی ڕۆبۆتیەوە دەڵێت: "خوشکی بەڕێز، ٣.٧ سانتیمەتر لە قژی ئێوە دیارە. تکایە لە ماوەی ١٠ چرکەدا دایپۆشەوە. هەروەها ڕەنگی قژیشت چەندین پلە لە ئاستی ڕێگەپێدراو  چاوانی نێرینەی کچ‌پەسەند دەئەنگێوێت. یاسەمین گیان بە زەردەخنەیەک دڵبزوێن و دڵڕفێنێشەوە دەڵێت: "هەر بەڕاست وردبینینیی ئێوە لە پێواندا هەتا یەک لەدەی سانتیمیترە؟"

فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان وڵام دەداتەوە: "بەڵێ خاهەر. ئێمە پێشکەوتووترین سیستەمی پێوانمان هەیە. هەروەها لە ساڵی نوێی کافران یان ساڵی نوێی زایینیدا دیاری‌کردنی ڕێژەی نەرمی و بۆنداریی قژ و عەیب نەبێت هێندێک شتی دیکەشمان بۆ زیاد کراوە."

لەم کاتەدا "ویدا خانم"ی هاوڕێی یاسەمین گیان بە مانتۆیەکی فشەوە دەگاتێ و بە شێوازی "نەستەعلیق" لەسەر مانتۆکەی نووسراوە: "ئەم مانتۆیە لەگەڵ هەموو پێوەرەکانی پۆشینی ئیسلامی دەگونجێت." ویدا خانم وای دانابوو، بەم داهێنانە نوێتەوە دەتوانێت کڵاو بخاتە سەر فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان.

فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکە، بە تیشک وێنە لە ویدا خانم دەگرێت و دەڵێت: "خوشکی بەڕێز، فۆنتی نەستەعلیقی ئێوە ٢ پلە لە ئاستی ڕێگەپێدراو لارترە. هەروەها پیتەکانی 'ئەلف' و 'لام'ـی ئێوە ٠.٥ میلیمیتر لە ستانداردی ڕێگەپێدراو درێژترن. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی ورووژاندنی هەستی دیتن و تێکدانی نەزمی گشتی."

ویدا خانم، بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: "یانی ئێستا دەبێت لە نێوەڕاستی شەقام فۆنت بگۆڕم؟ بۆچی مەگەر پیتەکانی ئەلفوبێش سەرپۆشیان هەیە؟"

فڕۆکە‌ی بێ‌فڕۆکەوان دەڵێت: "نەخێر، دەتوانن سەردانی نزیکترین نێوەندی گۆڕینی فۆنتی سەرپۆش بکەن. هەروەها بەپێی گشتاندن (بخشنامه)ی نوێ، هەموو پیتەکانی ئەلفوبێ دەبێت سەرپۆشی گونجاویان هەبێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ئاستی پێکەوەلکانی دو پیتی ئەلف و لام وەک دیاردەیەکی ناشەرعی بەدیارەوە بێت و ئەمە وەک ئەوەیە میوفرۆشی زیددی ئینقلاب دوومیوەی ناشرینی خەیار و تەماتە یان پرتەقاڵ بەمەبەستی فرۆشتن یان بە هەر مەبەستێکی دیکە لە تەنیشت یەکتر دابنیت."

لەم کاتەدا، پیرەژنێک بە لایاندا تێ‌دەپەڕێت. چارشێوەکەی کەمێک لادەچێت و فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکە دەستبەجێ هەستی پێ‌دەکات. سیستەمی ناسینەوەی دەم‌وچاو لە فرۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکەدا، تەمەنی ئەم پیرەژنە  بە ٧٥ ساڵ دەخەمڵێنێت، بەڵام بەپێی پرۆتۆکۆل، هیچ جیاکارییەک بۆ تەمەن دیاری نەکراوە.

پیرەژن تووڕە دەبێت و بە گۆچانەکەی هێرش دەکاتە سەر فڕۆکەکە و دەڵێت: من چل و شەش ساڵە چارشێو دەپۆشم، ئێستا پارچە ئاسنێکی هیچ‌وپووچ دەیەوێت فێرم بکات چۆن چارشێو بکەمە سەرم؟ بە مەرقەدی ئەم شێخ عەبدولعەزیمە، ئەو کاتەی ئەم فڕۆکە و مڕۆکە دیجیتاڵ و میجیتاڵانە نەبوون، سەرپۆشمان باشتر دەپۆشی!"

فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکە خێرا بەرز دەبێتەوە و دەڵێت: "خوشکی بەڕێز، هەڕەشە لە فڕۆکە‌ی بێ‌فڕۆکەوانی گەشتی ئیرشاد بە تاوان دادەنرێت و دەبێت بە پێدانی پارە و بەشداری‌کردن لە خولی ڕێزگرتن لە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی گەشتی ئیرشاددا سزا بدرێی. تکایە ئارامیی خۆشت بپارێزە."

یاسەمەن گیان و ویدا خانم، بۆ ڕاکردن لەم دۆخە بڕیار دەدەن بچنە کافەیەک. لە کافەکە، لەسەر مێزی تەنیشتیان کچێک دانیشتوە و قژێکی دەستکرد بەسەریەوەیە. فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکە لە پشت شووشەوە وێنەی دەگرێت و ئاگەداری دەکاتەوە و دەڵێت:"خوشکی بەڕێز، قژی دەستکردت سێ لەسەدی پلە بەرەو چەپ لاربووەوە. ئەم لاربوونەوەیە دەتوانێت نیشانەی مەیلێکی نەشیاو لە بیرگەی خاوەنەکەی دابێت.

کچەکە بە تووڕەییەوە دەڵێت: "ئاخر مەگەر قژی دەستکردیش ئاراستەی جوگرافیایی هەیە؟ نەکا سبەی ناچار بین بۆ ڕەنگی چاویشمان مۆڵەت وەربگرین؟"

فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان، وڵام دەداتەوە: بەڵێ خوشکی بەڕڕڕێــــززز. بەپێی ڕێنماییەکانی ژمارە ٢٠٢٥/٧، پێویستە قژی دەستکرد ڕێک دەگەڵ کەمەری زەوی (خەتی ئیستیوا)هاوتەریب بێت. سەبارەت بە ڕەنگی چاویش بەم زووانە گشتاندن(بخشنامه)ی نوێمان پێ‌دەگات.

خاوەنی کافە لەم دۆخە ماندوو دەبێت و پەردەی ئەستوور دەکێشێت. بەڵام فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان هاوار دەکات: ئاگاداری! ئاگاداری! بەکارهێنانی پەردەی دژە سکان قەدەغەیە. پلەی گەرمی نێو کافەکەش ٢ پلە لە ئاستی ڕێگەپێدراو بەرزترە و دەتوانێت ببێتە هۆی گەرمای زۆر و لاچوونی نائاگایانەی لەچک."

کاتێک شەو دادێت، فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان دەگەڕێتەوە بنکەی خۆی و لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەیدا دەنووسێت: ئەمڕۆ ١٢٤٧ حاڵەتی قژی نادیار، ٨٩٢ حاڵەتی فۆنتی نەگونجاو، یەک حاڵەتی هێرش بە گۆچان بۆ سەر فڕۆکە‌ی بێ‌فڕۆکەوان، و ٥٢٣ حاڵەتی لاریی قژی دەست‌کرد تۆمار کرا. هەروەها ١٤٧ کەس بەهۆی زەردەخەنەی زیاتر لە ئاستی ڕێگەپێدراو ئاگادار کرانەوە.

بەم شێوەیە سەرپۆش دەچێتە چاخی دیجیتاڵەوە، بەڵام ڕاپۆرتی پێوندیی نێوان قژی خاو و دەروونی کچان و کوڕان و هەستی خەڵکی بێکار و پیرەژنی بێزار و وەزاڵە هاتوو، لە ئەوپەڕی نهێنی (فوق‌محرمانە)دا تۆمار دەکرێن و دەگەنە دەستەڵاتداران. ترس لە گەرمبوونی بازاڕی سەرپۆشی دیجیتاڵی دەستەڵاتداران دادەگرێت. سەرپۆشی دیجیتاڵ ئەو سەرپۆشانەن هەست به بوونی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان دەکەن و لە خۆیانەوە هەتا تێپەڕینی فڕۆکە قژە خاوەکان بە شێوەی کاتی دادەپۆشن.