کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمبوونی شیری وشک لە دەرمانخانەکانی کرماشان

10:11 - 17 بەفرانبار 2724

هاوکات لەگەڵ کەمبوونی شیری وشک و قاچاخی ئەم کاڵایە بۆ وڵاتانی دەرەوە، دەرمانخانەکانی کرماشان لەگەڵ کەمیی لەڕادەبەدەری شیری وشک بەرەوڕوو بوونەتەوە کە ئەمە بنەماڵەکانی خستوونەتە ژێر گوشارەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی مێهر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کەمبوونی شیری وشک لە کرماشاندا کردووە و لە زاری یەکێک لە بەرهەمهێنەرانی نێوخۆییەوە نووسیویەتی کە بەرهەمهێنانی شیری وشک لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٢٠ لەسەد و لەمساڵدا لەگەڵ کەمیی شیری وشک بەرەوڕووین و هۆکارەکەشی جیاوازیی ڕای کارخانەکانی شیری وشک و ڕێکخراوی خواردن و دەرمان لەسەر ئاڵوگۆڕی نرخەکانە.

کەمبوونی ئەم کاڵا پێویستە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا نیگەرانیی بنەماڵەکان بەتایبەت ئەو بنەماڵانەی بەدواوە بووە کە کۆرپەکانیان زۆربەی جۆری شیری وشکەکانیان پێ ناکەوێ و پێویستیان بە براندی تایبەت هەیە.

لەلایەکی دیکەوە گۆڕینی بەردەوامی براندەکانی شیری وشک لەلایەک و هەستیاربوون و ئالێرژیی کۆرپەڵەکان لەلایەکی دیکەوە بە هەندێ لە براندەکان، بنەماڵەکانی لەگەڵ کێشەی بنەڕەتی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

کەمبوونی ئەم کاڵایە لە شارەکانی کرماشان بووەتە هۆی ئەوەی کە دایک و باوکەکان بۆ دابینکردنی شیری وشک سەردانی دەرمانخانەکانی ناوەندی پارێزگاکە بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، مێهدی موجەڕەب، جێگری خۆراک و دەرمانی زانکۆی زانستی پزیشکیی کرماشان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کەمیی شیری وشک لەم پارێزگایە، کەمبوونی ئەم کاڵایەی وەک پرسێکی گشتی ناو برد و بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەم کیشەی دا.

ئەم بەڵێنەی بەرپرسانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی دواییدا، کرماشان چەندین جار لەگەڵ کەمیی لەڕادەبەدەری شیری وشک بەرەوڕوو بووەتەوە و تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەڵ نەگیراوە.