کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئەردۆغان لە ڕۆژاوای کوردستان/ ٨٥ چەکداری سەر بە تورکیە لە مەنبج کوژران

10:34 - 17 بەفرانبار 2724

لە درێژەی هەڕەشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردانی ڕۆژاوا، ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە، هەڕەشە لە هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە دەکات و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەم هێزانە چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی نوێی سووریە نەکەن، بە وتەی خۆی بەرەوڕووی "مشتی ئاسنین"ـی ئانکارا دەبنەوە.

ئەردۆغان ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار لە درێژەی هەڕەشەکانی بەرامبەر بە کوردانی ڕۆژاوا، هێزەکانی دێموکراتیکی سووریەی بە جیاییخواز لە قەڵەم داوە.

ئەم قسانەی سەرۆککۆماری تورکیە لەحاڵێکدایە کە ئەم هێزانە پێشتر ڕایانگەیاندووە کە دەیانهەوێت لە ژێر حاکمییەتی سووریەی نوێ بمێننەوە و بەشداری دەوڵەتی فرەچەشنی داهاتووی ئەم وڵاتە بن.

دەوڵەتی ئەردۆغان بە بیانووی ئەوەی کە هێزەکانی پاراستنی گەل " یەپەگە" بە لقێک لە حیزبی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" دەزانێت، ساڵانێکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕۆژاوای کوردستانی خستووەتە بەر ئاماجی هێرشەکانی خۆی و میلیشیا جیهادییەکانی.

هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە سەرەکیترین هێز لە هاوپەیمانی بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا بۆ شەڕ لەگەڵ داعش بوون.

لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد میلیشیا جیهادییەکانی سەر بە تورکیە لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرگرتوو و لە ماوەی ڕابردوودا دەستیان بە هێرشی بەربڵاو بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و هێزەکانی سووریەی دێموکرات کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندووە کە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە نزیک مەنبجدا، ٨٥ چەکداری سەر بە گرووپە جیهادییەکانی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیە و هەروەها ١٦ کەس لە هێزەکانی سووریەی دێموکرات کوژراون.

هێزە دێموکراتیکەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە هەموو هێرشەکانی بەکرێگیراوانیان کە بە پشتیوانیی ئەرتەشی تورکیە ئەنجام دراوە، پووچەڵ کردووەتەوە.