مێهرداد ئاقافەزلی باوکی یەلدا ئاقافەزلی کە لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١دا گیانی لەدەست دا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەیەکی دیداری وریا غەفووری کاپیتانی پێشووی تیمیفووتباڵی ئیستقلالی لەگەڵ خۆی و کۆمەڵێک کەسانی دیکە کە ئەوانیش لە ناڕەزایەتییەکاندا بریندار ببوون و چاویان لەدەست داوە، بڵاو کردەوە.
لەو دیدارەدا، "مەتین حەسەنی"، کە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٣٩٨دا چاوی بریندار بوو و "حوسێن نادربەیگی"، کە لە بزووتنەوەی ژینا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٤٠١ هەردوو چاوی لەدەست دا، "فەرهاد مەعرووفی"، باوکی "فەرزین مەعرووفی" کە لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەست دا و و "سەعید فەروخیپوور"، باوکی مافخوازی "ئەمیر مێهدی فەروخیپوور"، کە قوربانییانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران بوون، ئامادەبوون.
یەلدا ئاقافەزلی، کچێکی تەمەن ١٩ ساڵ و یەکێک لە ناڕازییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە ٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە مەیدانی ئینقلابی تاران دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی قەرچەکی وەڕامین ڕاگوێزرا. ناوبراو بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی زیندان مانی لە خواردن گرت و لە زینداندا هیچ کام لەو تۆمەتانەی قەبووڵ نەکرد کە بەسەریدا سەپێندرابوون.
ناوبرا لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەردا ئازاد کرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی لە بەهەشت زەهرای تاران لە کەشێکی ئەمنییەتیی تونددا بە خاک سپێردرا.
شایانی باسە کە وریا غەفووری هاووڵاتیی کورد کە لە ئێستادا بەناوبانگترین یاریزانی فووتباڵی ئێرانە و خاوەن پێگەیەکی تایبەت لای خەڵکی ئێرانە، بەهۆی لێدوانەکانی بۆ بەرگریکردن لە خەڵک و گرینگیدان بەو دۆخەکەی کە هەیە و بەسەر خەڵکدا سەپاوە تووشی کێشە بوو و دەسبەسەریش کرا. ناوبراو لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بە "تەجزیەتەڵەب" ناوی لێ دەبردرا و بە هۆکارگەلێک وازی لە فووتباڵ هێنا.