عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ڕێژیم سەبارەت بە قەیرانی وزە و نەبوونی کارەبا باسی لە کەمیی ٢٥ هەزار مێگاوات لە هاوینی ساڵی داهاتوو کردووە.
عەلی ئابادی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەوڵەت و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ناهاوسەنگیی لە هاوینی ساڵی داهاتوو دەگاتە ٢٥ هەزار مێگاوات کارەبا و لە خوا پاڕایەوە کە ئەم بابەتە ڕوو نەدات.
نابراو بە ئاماژەدان بەوەی کە هاوینی داهاتوو "هاوینێکی ئەستەم" دەبێت وتی: "دەبێت بە سنووردارکردنی بەکارهێنانی کارەبا، ناهاوسەنگییەکان قەرەبوو بکەینەوە تاکوو بتوانین لەم هاوینە ئەستەمە تێپەڕین".
چاوەڕوانیی وەزیری وزەی دەوڵەتی پزشکییان لە خەڵک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لەکاتێکدایە کە ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای ماڵان لە ئێران کەمتر لە ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای ماڵان لە وڵاتانی ئورووپایی و وڵاتانی ناوچەکەیە.
ئەم قسانەی عەلی ئابادی سەبارەت بە قەیرانی نەبوونی کارەبا لە هاویندا لەکاتێکدایە کە دەوڵەت تەنانەت ناتوانێت کارەبای پێویستی زستانیش دابین بکات و ڕۆژانە کارەبای خەڵک دەبچڕێنێت.
کێشەی قەیرانی وزە لە ئێران کێشەیەکی بنەڕەتییە کە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتەکانی ڕێژیمەوە هاتووەتە ئاراوە.
یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە زیاتر لە ٩٠ لە سەدی کارەبای ئێران لەو وزەخانانەی بەرهەم دێت کە لە گاز، گازۆئیل و مازووت بۆ بەرهەمهێنان کەڵک وەردەگرێت و پشکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی ناوکی و وزەخانە ئاوییەکان تەنیا ٢ لە سەدە.
کۆنبوون و ناکارامەیی وزەخانەکانی ئێران و گرینگینەدان بە گەشەدانی وزەخانەکان و نەبوونی وەبەرهێنانی پێویست یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی قەیرانی نەبوونی کارەبا لە ئێرانە.