کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خانەنشینکراوان بۆ پێداگری لەسەر داواکارییەکانیان لە شارە جیاوازەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:01 - 17 بەفرانبار 2724

کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان، بە هۆی بەردەوامیی ناکارامەیی و نەبوونی توانای کۆماری ئیسلامی لە پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانی خانەنشینکراوان، لە شارە جیاوازەکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار ئەو کۆبوونەوانە لە شارەکانی وەکوو کرماشان، ئێسفەهان ئەهواز، شووش، ڕەشت و گیلان و … بەڕێوە چوو.

لە شاری کرماشان، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، موخابرات و فەرهەنگی لە بەردەم بینای گشتیی ئیدارەی هاوکاریی کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی ئەم پارێزگایە کۆبوونەوە و داوای مافەکانیان کرد.

لەو کۆبوونەوەیدا خانەنشینکراوان دروشمی "شەڕمان ناوێت، کوشتنمان ناوێت، ئاشتییەکی بەردەواممان دەوێت، ئەمە دوا پەیامە، بەبێ ئێمە کارەکانتان تەواوە"، " تێچوونەکانمان دۆلارین مووچەکانمان تمەنی، بەرز کردەوە.

خانەنشینکراوانی کرماشان لە کۆتاییدا بە خوێندنەوەی بڕیارنامەیەک ڕایانگەیاند، ئەگەر لە حەفتەکانی داهاتوودا داواکارییەکانیان چارەسەر نەکرێت، ئەوە بە شێوەیەکی یەکگرتوو بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە.

هەروەها لە شارەکانی دیکەی وەکوو ئەهواز، شووش، ئێسفەهان، ڕەشت، گیلان و … ناڕازییان لە بەردەم بینای گشتی و پێوەندیدار بە سێنفی کارەکەیان و فەرمانداری و پارێزگاریی شارەکانیان کۆ بوونەوە و داوای مافەکانیان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان کرد.

لەو کۆبوونەوانەدا خانەنشینکراوان دروشمی وەکوو "خانەنشین هاوار بکە مافەکانت داوا بکە" و "تا مافی خۆمان بەدەست نەهێنین دانانیشین"یان دا.

هەروەها لە ئێسفەهان، خانەنشینکراوانی پۆڵا و کانگاکان لە کۆبوونەوە و ڕێپێوانیاندا بە وتنەوەی دروشمی "تەنیا لە ڕێگەی شەقامەوە ئێمە مافەکانمان بەدەست دەهێنین"، جەختیان لەسەر بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان تا بەدیهێنانی مافەکانیان کردەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا خانەنشینکراوان بە بەردەوامی لە شارە جیاجیاکانی ئێران لە دەرحەق جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان نیشان داوە.

بارودۆخی خراپی ژیانی خانەنشینکراوان بووەتە هۆی ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

ماڵپەری مافی مرۆڤی هێرانا لە ٦ی بەفرانباری ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لانیکەم هەزار و ٢٧٩ کۆبوونەوە و مانگرتنی سەندیکاکان لە ئێران بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، زۆربەی کۆبوونەوەکانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا پەیوەندییان بە داواکاریی باشترکردنی دۆخی بژێوی ژیان و نالەباربوونی ئابووری و ناکارامەیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لەمەڕ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەوە بووە.