کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی ماڵی پارێزراو بۆ ژنانی قوربانیی توندوتیژی لە نیوەی پارێزگاکانی ئێران

19:00 - 17 بەفرانبار 2724

فاتمە باباخانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "ماڵی پارێزراوی مێهر شەمس ئافەرید"، بە ئاماژەدان بە چالاکیی ١٧ ماڵی پارێزراو بۆ ئەو ژنانەی کە دەبنە قوربانیی توندوتیژیی خێزانی، وتی: "نیوەی پارێزگاکانی ئێران خانووی سەلامەت یا ماڵی پارێزراویان نییە کە ژنەکان بتوانن ڕووی تێکەن. هەروەها ناوبراو وتی کە ڕێژەی تەمەنی ئەو ژن و کچانەی کە ڕوو لەو ماڵە پارێزراوانە دەکەن  لە ١٨ بۆ ٣٤ ساڵ دەبێ.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیلنای سەر بە ڕێژیم، باباخانی ڕایگەیاندووە کە بە تەنیا ماڵی پارێزراوی مێهر لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوییەوە خزمەتی بە پێنج هەزار ژن و کچ کردووە و ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ ژن و کچ کە تووشی توندوتیژی دەبنەوە ڕوو لەو ماڵە دەکەن.

باباخانی لە درێژەدا ئاماژەی بە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان کرد و وتی کە لە ئێراندا هۆکارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، وەک تێڕوانینی خاوەندارێتی دەرحەق ژنان و لاوازیی یاساکانی پاراستنی ژنان، توندوتیژی دژی ژنان بەرفراونتر دەکەن.

هەروەها ناوبراو سەرەڕای جەختکردنەوە لە ڕۆڵی ماڵی پارێزراو بۆ ژنان کە ئەمنییەت و ئاسایشیان دەپارێزێ، وتی کە ئەو ناوەندە وەکوو شوێنی نیشتەجێبوونی کاتیی ژنان خزمەتگوزاری وەکوو ڕاوێژکاری دەروونی و یاسایی، ڕاهێنانی کارامەیی ژیان و ڕاهێنانی پیشەیی پێشکەشی ئەو کەسانە دەکات کە ڕووی تێدەکەن.

لەو ڕاپۆرتەدا چەندین حاڵەتی توندوتیژی و کێشە خێزانییەکان لە زاری ئەو ژنانەوە کە تووشی توندوتیژی هاتوون و پەنایان بۆ ئەو ناوەندە بردووە، بڵاو کراوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، حەسەن ئەحمەدی پسپۆڕی یاسایی دەسەڵاتی دادوەری باس لەوە دەکات کە گرینگترین هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانی بریتین لە هەژاریی فەرهەنگی، کێشەی ئابووری، تێکچوونی دەروونی و کەسایەتی، نەبوونی هۆشیاریی یاسایی و شێوازی پەروەردەی هەڵە و هەژاری و بێکاری و گوشاری ماڵی، کێشە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ یان نەبوونی توانایی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تووڕەیی لە هۆکارە گرینگەکان بۆ ڕوودانی توندوتیژی خێزانی لە بنەماڵەکاندان.

لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی ژنان، ماوەی زیاتر لە دە ساڵە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئامادەکردنی یاسایەک کە بەپێی ئیدیعای خۆیان ژنان لە توندوتیژی دەپارێزێت ڕێکنەکەوتوون و لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار دەقی پڕۆژە پێشنیارکراوەکەیان گۆڕیوە و تا ئێستاش دامودەزگاکانی ناو حکوومەت، دەسەڵاتی دادوەری و مەجلیسی ڕێژیم هێشتا کۆک نەبوون و تەنانەت کێشەیان لە سەر بەکارهێنانی وشەی "ژن" هەیە لەم پڕۆژەیاسایەدا و پێداگرن لەسەر ئەوەی کە دەبێ وشەی "خانمان" لەبری "ژن" بەکار بێنن.