لە درێژەی گوشارە بەردەوامەکانی ڕێژیم دژی هاووڵاتییانی کورد، شەش هاووڵاتیی کورد لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم، سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان ڕوونکردنەوەیان پێ درا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار، شەش چالاکی مەدەنی و کرێکاریی کوردی خەڵکی سنە بە ناوەکانی سەید خالید حوسێنی، شەیس ئەمانی، سووسەن ڕازانی، ئێقباڵ شەعبانی، فەردین میرەکی و جەماڵ ئەسەدی لە لقی دووی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لەم شارە سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان ڕوونکردنەوەیان پێ درا.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند ئەم چالاکە کوردانە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و"تێکدانی بیروڕای گشتی" تۆمەتبار کراون و پاش تێگەیاندنیان لە تۆمەتەکان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار لە ڕێگەی بانگهێشتانەمەیەکەوە، ئەم هاووڵاتییانەی بانگ کردبوون.
نموونەی دیاریکراوی ئەم تۆمەتانە، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بیرەوەریی دایە فەراسەت جەعفەر قشڵاخی، لە دایکانی مافخوازی سنە و وتنەوە سروود بووە.