ئێمانوئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە سەرەکیترین کێشەی ستراتیژیک و ئەمنییەتی بۆ فەرانسە، ئورووپا و ناوچەکە زانی.
ماکرۆن لە کۆنفڕانسی ساڵانە لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵوێزەکانی فەرانسەدا سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی وتی: "بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی تاران، پشتیوانی لە ڕووسیە لە شەڕ بە دژی ئوکراین، پشتیوانی لە گرووپە مەترسیدارەکانی ناوچەکە، ناردنی میلیشیا بۆ ئافریقا و هەروەها پشتیوانیی لە تێرۆریزم لەو بابەتانەن کە نیگەرانیی جیددی دروست کردووە".
سەرۆککۆماری فەرانسە جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی کۆماری ئیسلامی گرینگترین بابەت لە وتووێژەکانی نێوان فەرانسە و دەوڵەتی نوێی ئەمەریکا دەبێت و زیادیشی کرد کە ئەگەر ئێران لە دەرەوەی چوارچێوەکە بمێنێتەوە و سنووری بۆ دیاری نەکرێت، ئەوە مەترسییەکی گەورە دەبێت.
ماکرۆن بە ئاماژەدان بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە و جیهان ڕایگەیاند کە ئەوان ئامادەن تاکوو بەپێی پێویست مێکانیزمی "ماشە" کارا بکەن و هەموو گەمارۆکان بگەڕێننەوە سەر تاران.
مێکانیزمی ماشە، مێکانیزمێکە کە لە دەقی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و دەڵیت "ئەگەر تاران پێبەند بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام نەبێت، هەموو سزاکانی ئەم شۆرا کە لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا بە سەر ئیراندا سەپیندرابوون، دەگەڕێنەو".
کاراکردنی ئەم مێکانیزمە و گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆکان لە ئێستادا دەتوانێت قەیرانێکی گەورە بەتایبەتی قەیرانی ئابووری بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکات.
جێی ئاماژەیە کە هەر لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی چەند قەیرانێکی گەورە لە نێوخۆ و ناوچەکە بووەتەوە و لە ئەگەری گەڕاندنەەوەی هەموو سزاکان، ئەم قەیرانانە بەتایبەتی قەیرانی ئابووری، قووڵتر لە هەموو کاتێکی دیکە دەبنەوە.