کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: کۆماری ئیسلامی هەنووکە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ژینا لاوازترە

19:10 - 17 بەفرانبار 2724

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە نوێترین ڕاپۆرتی شیکاری خۆی سەبارەت بە دەوڵەتی نوێی ئەمریکا و سیاسەتەکانی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە ساڵی نوێی زایینی ساڵێکی ئەستەم بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەبێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار بڵاو کراوەتەوە، دەوڵەتی نوێی ئەمریکا لەهەوڵدایە تاکوو بەمەبەستی ڕاگیرکردنی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندیی لەگەڵ پشتیوانییەکانی لە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا، گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاتر بکات.
واڵ ستریت ژۆرناڵ زیادی کردووە کە ترامپ و کابینەکەی جیا لە گەمارۆکان، خەریکی پێداچوونەوە بە بژاردەکانی دیکە وەک هێڕشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن تاکوو ڕێگە نەدەن تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ڕاپۆرتەکە لە پێوەندیی لەگەڵ قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەنووکەدا هێناویەتی کە "ئابووریی کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەڕێوەبردنی نادروست، گەندەڵی و گەمارۆکان پەکی کەوتووە و لە خراپترین دۆخدایە، نەبوونی وزە بووەتە هۆی ڕاگرتنی کاری قوتابخانە، خوێندنگە و دامەزراوەکان و هەروەها خەساری بەرچاوی بە بەشی پیشەسازی گەیاندووە و لەلایەکی دیکەشەوە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانانی تاران لە ناوچەکە و هەروەها ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە، شکستی بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هێناوە".
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە کێشە و قەیرانەکانی ئێستای لە دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە گەورەترین کێشەی کۆماری ئیسلامی لە پاش ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی لە قەڵەم داوە و جەختی کردووەتەوە کە حکوومەت لە ئێستادا لاوازترە لە کاتی خۆپیشاندانەکان.
نووسەرانی راپۆرتەکە لە سەر ئەو بڕوایەن کە قەیرانی ئابووری مەترسیی خۆپیشاندانەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە و بووەتە هۆی نیگەرانیی جیددی ڕیبەرانی حکوومەت.
واڵ ستریت ژۆرناڵ بە ئاماژەدان بە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە نووسیویەتی: "ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەنگ و بۆنی سیاسی بە خۆیەوە گرتووە و کۆمەڵانێک دۆخی هەنووکە بە ئاکامی چڕبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەر سیاسەتە ئیدۆلۆژیکییەکانی دەزانن".
ئەم ڕۆژنامە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا و پاش جەختکردنەوە لە سەر قەیرانە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کردووە کە سپای پاسداران ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان هۆشداریی داوە.
واڵ ستریت ژۆرناڵ لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە شکستەکانی ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ئیسرائیل نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی زیاد کردووە.
ئەم ڕۆژنامە پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە دۆناڵد ترامپ هەر لە سەرەتای دەسبەکاربوونی دەوڵەتەکی، لە هەوڵی پێشگرتن بەم بابەتە دەبێت.