لاوێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە قەسری شیرین، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی محەممەد عەزیزی، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی قەسری شیرین لە بازاڕچەی سنووریی پەرویز خان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی یگانی تایبەت و هێزە تایبەتەکانی پاسدارانی ویلایەت ناوسراو بە نۆپۆ، بە تەقەی سێ فیشەک گیانی لەدەست دا.
هێزە سەرکوتکەرەکانی نۆپۆ و یگانی تایبەتی ڕێژیم لە کاتی هێرشکردنە سەر بازاڕچەی پەرویز خان دەسڕێژی گولـلەیان لەم لاوە کوردە کردووە و ناوبراو سک و سینگی کراوەتە ئامانجی سێ فیشەک و دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.
محەممەد عەزیزی حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هێزە ئینتیزامییەکان دەرگیر ببوو و شەوی یەکشەممە ئەم هێزانەی ڕێژیم بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی هێرشیان کردووەتە سەر بازاڕچەی پەرویز خان و کوشتوویانە.
عەلی ڕۆستەمی دادستانی ڕێژیم لە قەسری شیرین بۆ دەسبەسەرکردنی محەممەد عەزیزی، حوکمی تەقەکردنی بە هێزە سەرکوتکەرەکان دابوو.