کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: چەند ئەندامی تۆڕەکەی شەمخانی ڕەگەزنامەی سێ وڵاتیان وەرگرتووە

18:11 - 12 بەفرانبار 2724

بەپێی ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگ لەسەر چالاکییەکانی حوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای خامنەیی، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاو کراوەتەوە، چەند کەس لە تیمەکەی حوسێن شەمخانی جیا لە ڕەگەزنامەی دۆمێنیکا، ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی ماڵت و قێبرێسیان وەرگرتووە.

بلومبێرگ لە ڕاپۆرتە چڕەکەیدا کە لەسەر چالاکییەکانی حوسێن شەمخانی بۆ پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە چەند کەس لە هاووڕێیانی نزیکی حوسێن شەمخانی توانیویانە لە ڕێگەی ڕەگەزنامە دۆمێنیکاییەکەیانەوە، ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی ماڵت و قێبرێسیش وەربگرن.

وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەم دوو وڵاتە بۆ ساکارکردنەوەی ئەستەمکارییەکانی بانکە جیهانییەکان لەلایەن گرووپی شەمخانییەوە ئەنجام دراوە تاکوو بتوانن بەربەستەکان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بازاڕە داراییە جیهانییەکان تێپەڕ بکەن.

بلومبێرگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی، عەلیڕەزا درەخشان ناسراو بە "کاپیتان دەی"، مەهدیار زارع موجتەهێدی و حوسێن قوربانیزادە کردووە کە یارمەتیدەری حوسێن شەمخانی لە هەوڵە نایاساییەکانیدا بوون.

حوسێن شەمخانی لەم ڕێگەوە توانیویەتی کە ئێمپراتۆرییەتێکی بازرگانی دروست بکات و بە داهاتە نەوتییەکانی ئێران کۆمپانیگەلیک دابمەرزێنێت کە ساڵانە میلیاردها دۆلار داهاتیان هەبووە.

لە ئێستادا هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتەی بلومبێرگ لەسەر چۆنییەتیی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی و هەروەها هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ و دەوڵەتەکەی کە پێک هاتووە لە کەسانیک کە بڕوایان بە گوشاری زۆرینە بۆ سەر کۆماری ئیسلامییە، وێدەچێت کۆماری ئیسلامی چیتر نەتوانیت بەم ئاسانییانە بەربەستەکان تێپەڕ بکات و نەوتەکەی بفرۆشیت.