کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی لانیکەم ٣١ ژن لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا

10:55 - 18 بەفرانبار 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانیکەم ٣١ ژنی لە سێدارە داوە کە ئەمە زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی ژنان لە ٢٠٠٨ هەتا ئێستایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، لە ساڵی ٢٠١٠ هەتا ٢٠٢٤ی زایینی لانیکەم ٢٤١ ژن لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

لە نێوان ٢٤١ ژنی لەسێدارەدراودا، ١٠٧ کەسیان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ١١٤ کەسیش بە تۆمەتی کوشتن لە سێدارە دراون کە ٧٠ لەسەدی ژنانی تۆمەتبار بە کوشتنەکان، خۆیان قوربانیی توندوتیژیی خێزانی یان کەڵكئاوەژووی ڕەگەزی بوون و بە کوشتنی هاوسەر یان هاوبەشی ژیانی خۆیان تۆمەتبار کرابوون.

ئەم ئامارە ٩ منداڵ هاوسەری تێد ابووە کە سێ کەسیان لە کاتی ڕوودانی تاوانە وەپاڵدراوەکاندا تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم ئامارە تەنیا ئاماژە بە بەشێک لە ڕاستییەکان دەکات و ڕێژیمی ئێران لەسێدارەدانەکان لە ناڕوونیدا تەواودا دەهێڵێتەوە و تەنیا ٢٦ لەسەدی لەسێدارەدانەکانی ژنان بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەمبارەوە وتی: لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران نە تەنیا ناوەڕۆکی بێڕەحم و نامرۆڤانەی سزای لەسێدارەدان نیشان دەدات، بەڵکوو هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەو نایەکسانییە قووڵەش ئاشکرا دەکات کە ڕیشەی لە سیستەمی نەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی داکوتاوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پاش ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بزووتنەوەی ژینا ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو و لە ڕاستای سەرکوت و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگە پەرە پێ دا.