کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتی سیستماتیکی دژبەرانی ڕێژیم لە ڕێگەی هێرشە سایبێرییەکانەوە

10:59 - 18 بەفرانبار 2724

ماڵپەڕی "فیلتێربان"،  کە چاوەدێری بە سەر دۆخی ئینتێرنێت لە ئێراندا دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هێرشگەلێکی سایبێری کردووە کە لەلایەن دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بەمەبەستی سەرکوتی سیستماتیک و بە دژی چالاکانی مەدەنی و دژبەرانی سیاسی ئەنجام ئەدرێت.

فیلتێربان لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە بەپێی داتاکانی هێڵی فریاکەوتنی ئەمنییەتی دیجیتاڵ، پەرژاوەتە سەر هێرشە سایبێرییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی نێوەڕۆک، پێشێلکردنی مافی دیجیتاڵ و نموونەکانی دەسبەسەرکردن لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی.

بەم پێیە دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرشگەلێکی ئامانجدار و پێچراو، سەرکوتی سیستماتیکیان بە دژی کەمینە نەتەوەییەکان، چالاکانی مەدەنی و دژبەرانی سیاسیی ڕێژیم ئەنجام داوە.

فیلتێربان زیادی کردووە کە ئامانج لەم هێرشانە پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی دەنگی ناڕازییان بووە.

ئەم ماڵپەرە ژمارەیەک داتای لەم پێوەندییەدا بڵاو کردووەتەوە کە بەم پێیە زۆربەی هێرشەکان بە ١٣٪ دژ بە چالاکانی سیاسیی دژبەری ڕێژیم و ١٠٪ دژ بە بەشدارانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە سەندیکاییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها چالاکانی مافی ژنان، ئەنجام دراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی دزەیان کردووەتە نێو هەژمارە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە ڕێگەکانی وەک فیشینگ، بڵاوکردنەوەی خراپ ئامێر و دروستکردنی کەسایەتیی ساختە و زیادیشی کردووە کە بۆ یەکەم جار لە شێوازێکی هێرشی فیشینگ کەڵکیان وەرگرتووە کە لە چاو ڕابردوو پێچراوەتر بووە و دەرخستنی بۆ بەکارهێنەرانی قوربانی ئەستەمە.

فیلتێربان لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان گرووپگەلێکیان لە تێلێگرام بە ئامانجی ئازاردانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەکار بردووە کە نێوەڕۆکەکانیان دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان بووە.

بەپێی ئامارەکانی ئەم ماڵپەڕە زۆرینەی هێرشەکان لە پارێزگاکانی تاران، بەلووچستان، ئێسفەهان و سنە بووە.

فیلتێربان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە کەمینە نەتەوەییەکان، لە خاکەلێوەی ئەمساڵ تاکوو سەرماوەز، سەرەکیترین ئامانج بۆ هێرشەکانی ئەم گرووپگەلەی سەر بە ئیتلاعات بوون.

بەم پێیە ٨٪ لە هێرشەکان لە بەلووچستان، ٧٪ لە سنە و زیاتر لە ٢٪ لە پارێزگاکانی ورمێ و تەورێز ئەنجام دراوە.