کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ده‌فرایه‌تیی حه‌شیمه‌تی به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار کاره‌ساتباره‌

11:15 - 18 بەفرانبار 2724

١٢ به‌ندکراوی سیاسی له‌ به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار له‌مه‌ڕ نه‌بوونی ده‌فرایه‌تیی پێویستی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ نامه‌یه‌کی سه‌ر ئاوه‌ڵایان بڵاو کرده‌وه‌‌ و نووسیویانه‌: "ده‌فرایه‌تیی به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار ٨ هه‌زار که‌سه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا زیاتر له‌ ١٢ هه‌زار به‌ندکراویان تێدا که‌ڵه‌که‌ کردووه‌".

ئه‌و به‌ندکراوه‌ سیاسییانه‌ له‌و نامه‌یه‌دا باسیان له‌ دۆخی ناله‌باری به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار و که‌ڵه‌که‌بوونی حه‌شیمه‌تی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ کردووه‌ و به‌نیسبه‌ت ڕاگواستنی هه‌زار و ٧٠٠ به‌ندکراوی دیکه له‌ به‌ندی چواره‌وه‌ بۆ به‌نده‌کانی دیکه ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوه.

له‌و نامەیە‌دا هاتووه‌: "له‌ ئێستادا ته‌نیا له‌ یه‌که‌ی یه‌کی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ ده‌فرایه‌تی به‌ ته‌واوه‌تی پڕ بووه‌ و یه‌که‌کانی دیکه‌ش زۆر زیاتر له‌ ئاستی فه‌رمی و دیاریکراوی خۆیان به‌ندکراویان تێدایه‌‌".

به‌پێی ئه‌و نامه‌یه‌ له‌ یه‌که‌ی ٢ی به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌ساردا نزیک به‌ هه‌زار و ٦٠٠ به‌ندکراوی مه‌حکووم به‌ له‌سێداره‌ ڕاگیراون‌.

له‌ درێژه‌ی نامه‌که‌دا نووسراوه‌: "له‌م دۆخه‌دا به‌رپرسانی سته‌مکارر بڕیاریان وه‌رگرتووه‌ هه‌زار و ٧٠٠ به‌ندکراو، که‌ زیاتریان له‌ یه‌که‌ی ٤ی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ن بۆ یه‌که‌کانی دیکه‌ ڕاگوێزراون و ئه‌و یه‌که‌یان ڕاده‌ستی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌لبۆرز کردووه‌".

نووسه‌رانی ئه‌و نامه‌یه له‌ به‌شێکی دیکه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردووه‌ "دۆخی به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار بۆ خۆی کاره‌ساتباره‌" و  له‌و باره‌وه‌ نووسیویانه‌ "له‌ ئێستادا نزیک به‌ ١٢ هه‌زار به‌ندکراو له‌ به‌نده‌کان، حوسێنییه‌کان و ته‌نانه‌ت ڕێڕه‌وه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر نامرۆڤانه‌ و کاره‌ساتبار ڕاگیراون".

له‌و نامه‌یدا به‌ ئاماژه‌دان به‌ وته‌یه‌کی ئانتێنیۆ گرامشی، بیردۆزی ئیتالیایی نووسیویانه‌: "جه‌وهه‌ری هه‌ر حکوومه‌تێک له‌ به‌ندیخانه‌که‌یه‌وه‌ ده‌بێت بیناسیت و ته‌نیا جێگه‌یه‌که که‌ هیچ چاوه‌دێرییه‌کی به‌ سه‌ردا ناکرێت و جه‌وهه‌ری ئه‌و حکوومه‌ته‌ به‌ جوانی ده‌ر ده‌خات".

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ساڵی ڕابردووش له‌ دوای داخستنی کتوپڕی به‌ندیخانه‌ی گه‌وهه‌رده‌شت، زیاتر له‌ هه‌زار و ٢٠٠ به‌ندکراویان به‌ یه‌که‌ی سێی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ زیاد کردووه‌. ‌