ئەرتەشی ئەمریکا لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا چەندین عەمەلیاتی دژ بە داعشی لە سووریە و عێراق ڕاگەیاند و ڕایگەیاند کە سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هێرشەکانی عێراق کوژراوە و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
لە بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ''سێنتکام'' کە ئێوارەی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار بڵاو کرایەوە، ئاماژە بە ڕەگەزنامەی ئەم سێ هێزەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەکراوە و تەنیا باس لەوە کراوە کە هێزە ئەمریکاییەکان بریندار نەبوون.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکام، ئەو هێرشانەی لە عێراق کە لە ١٠ تا ١٧ی بەفرانبار ئەنجام دراون بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئەم وڵاتە سەنگەرەکانی داعشیان لە چیاکانی حەمرین لە عێراق کردە ئامانج.
سێنتکام ڕایگەیاند کە ئەم عەمەلیاتە بۆ پەکخستن و کەمکردنەوەی توانای داعش بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هێرشەکان لە دژی خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکە و هەروەها شارۆمەندانی ئەمریکا و هاوپەیمان و شەریکەکانی لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە ئەنجام دراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا هاتووە، لەم عەمەلیاتە، چەکدارانی داعش چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەمەش وای کردووە هێزەکانی هاوپەیمانان فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ١٦ و ئێف ١٥ و ئەی ١٠ '' بەکار بهێنن و توانیان ژمارەیەک لە هێزەکانی داعش لەنیو ئەشکەوتێکدا لە ناو ببەن.
سێنتکام هەروەها باسی لە وردەکاریی عەمەلیاتی سووریە کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی سووریەی دێموکرات" لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی بەفرانبار هێرشەکانیان لە دێرەزوور ئەنجام داوە کە بووە هۆی دەسبەسەرکردنی سەرۆکی یەکێک لە گرووپە عەمەلیاتەکانی داعش.
کاربەدەستانی ئەمریکایی لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هۆشدارییان داوە کە پاشماوەکانی داعش بەنیازن دۆخەکە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات بقۆزنەوە.