پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، ڕێگە بە بنەماڵەی قوربانییان نادرێت کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئازیزانیان لە شوێنە گشتییەکاندا بگرن.
جیا لەوەی کە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا هیچ وڵامێکیان سەبارەت بە سکاڵاکانیان وەرنەگرتووە، ڕۆژی هەینی ١٤ی بەفرانبار و لە کاتی ئامادەبوونیان لە سەر گۆڕی ئازیزانیان لە بەرەبەری ساڵیادی قوربانیبوونیان بە دەستی سپای پاسداران، بەرەوڕووی ئازاری هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕێژیم ڕێگەی نەداوە کە هیچ هۆڵێک بەم مەبەستە لەلایەن بنەماڵەی قوربانییانەوە دابین بکرێت.
بەشێک لە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆگەلێک یادی ئازیزانیان بەرز ڕاگرت و لەسەر پێداگرییەکانیان تا گەیشتن بە دادپەروەری جەختیان کردەوە.
گوشاری هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵە مافخوازەکان لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا هیچ وڵامێک لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە بەم بنەماڵانە نەدراوەتەوە.
لە پێوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگا سەبارەت بە سکاڵای ئەم بنەماڵانە، چەند کەس لە مافخوازان ڕایانگەیاندووە کە دادگا بەردەوام لە ڕێگە جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵی ئازاردانی بنەماڵەکان و کۆسپ خستنە سەر ڕێگایانی داوە.
بنەماڵەی قوربانییان پێشتر سکاڵای خۆیان لە دادگای نیزامیی تاران بەهۆی چەواشەکارییەکانی دادگا سەبارەت بە قەدەغەی دادگاییکردنی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران لەوانە حوسێن سەلامی، ئەمیرعەلی حاجیزادە، محەممەد باقری و عەلی شەمخانی و هەروەها عەلی عابدزادە بەرپرسی ئەو کاتی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیم، وەرگرتەوە.
دادگا لە جیاتی ئەم کەسانە کە تۆمەتباری سەرەکی لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی بوون، دە کەس لە ئەندامان و ئۆپێراتۆرەکانی سپای پاسدارانی بە تۆمەتبار ناساندووە کە بنەماڵەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بەم کەسانە و ڕۆڵیان لەم ڕووداوەدا نییە.
ڕوونکردنەوەی ڕێژیم سەبارەت بە چۆنییەتیی ئەنجامی ئەم تاوانە و دیاریکردنی تاوانبارانی سەرەکیی ئەم ڕووداوە، خواستی بنەماڵە مافخوازەکانە کە ڕێژیم لەم ماوەیەدا جگە لە زیادکردنی ئازارەکانیان هیچ کارێکی دیکەی ئەنجام نەداوە.
لە ئێستادا بنەماڵەی قوربانییان چاوەڕوانی گەیشتن بە دادپەروەری لە ڕێگەی دادگا نێونەتەوەییەکانەوەن و بە وتەی چەند کەسێکیان "ئەگەرچی ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەکی درێژە بەڵام جێی هیوایە کە لە داهاتوودا دادپەروەری بۆ بنەماڵەی قوربانیان بێنێتە ئاراوە".