کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!
ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ!
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ناوەندەکانی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی گرتنی چالاکانی مەدەنی، کولتووری و خەڵکی سڤیلیان وەرێ خستووە و لە ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا ژمارەیەکی زۆر لەو دەسبەسەرکراوانە پەروەندەی ئەمنیەتییان لەدژ دروست کردوون کە بەشێکیان لە بێدادگاکانی ڕێژیمدا حوکم دراون و بەشێکی دیکەش چاوەڕوانن سزای دیاریکراوی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیان بەسەردا بسەپێندڕێ.
دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٢٣٥ کەسیان لە هەموو ئێران بە تۆمەتی بانگەشە یان چالاکی دژی ئەمنییەتی ڕێژیم دەسبەسەر کردوە کە ٦٣٠ کەس لەوان، واتە پتر لە نیوەیان کورد بوون. ئەو سەدان کەس لە دەسبەسەرکراوانەی کورد کە بەشی هەرە زۆریان چالاکانی کۆمەڵایەتی، مەدەنی، ژینگەپارێز و هەڵسوور لە بواری زمان، کولتوور و ئەدەبی کوردی بوون؛ تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی نیشتمانیی وڵاتیان! دراوەتە پاڵ و لەو سۆنگەیەوە لە بەندیخانەیان پەستاوتوون. لە تازەترین شەپۆلی گوشاری بانگکردن و بەندکردنی لاوانی کوردیشدا دەیان کەس تەنیا بە تاوانی! دەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و جامانەدەملکردن لە بۆنە و ڕێوڕەسمە نەتەوەیی و کولتورییەکاندا کەوتوونەتە بەر تیغی سەرکوت و داپلۆسینی حکوومەتی، کە ئەمە هەمووی نیشانەی ترسی ڕێژیم لە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێرانە.
ئەم شەپۆلە نوێیە لە ڕەشبگیری چالاکانی مەدەنی لە کوردستان و سەپاندنی سزای زیندان بەسەریاندا هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا کە ئەمە جیا لە ترسی ڕێژیم لە پەرەسەندنی خەباتی شوناسخوازانەی خەڵکی کوردستان و شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە گشتی و جەماوەرییەکان هیچ تەعبیرێکی دیکەی لێ ناکرێ. دەزگای سەرکوت و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەیانەوێ بە بردنەسەرێی تێچووی چالاکیی سیاسی، نافەرمانیی مەدەنی و ناڕەزایەتیی ڕاستەوخۆ لە دژی ڕێژیم پێش بە کڵپەسەندنی خەباتی مافویستی و شوناسخوازی خەڵکی کوردستان بگرن، ئەویش لە کاتێکدا کە ڕێژیم بۆخۆی نوقمی قەیرانە جۆراوجۆرەکانە و چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا لە لێواری هەڵدێرانە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زیاتر لە چلوشەش ساڵە هێزی سەرکوت و دوژمنایەتیی خۆی لەسەر خەڵکی کوردستان تاقی دەکاتەوە و بە هەموو جۆرە چەکێک و سیاسەتێکی کوشتوبڕ و قەڵاچۆ هەوڵی سەرکوتی خەباتی مافخوازانە و بزووتنەوەی سیاسیی هەردەم ڕوو لە گەشەی کوردستان دەدات، جیا لە پەرەسەندنی ڕق و بێزاریی خەڵک و لەسەرپێمانەوەی ئەم نەتەوە شوناسخوازە بەرهەمێکیان نەچنیوەتەوە.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئیمان بە خەبات و خۆڕاگریی ڕەوای خەڵکی کوردستان و دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کورد بەسەر سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوامی گرتن و گوشارەکانی ناوەندەکانی داپڵۆسێنەری بە نیشانەی لاوازی و زەبوونی ئەم ڕێژیمە و دوا پەلەقاژەکانی دەزانێت.
سڵاو لە ئازایەتی و بوێریی ڕۆڵەکانی کورد!
سەر کەوێ و سەر دەکەوێ خەباتی شوناسخوازیی کورد لە هەموو بەستێن و مەتەرێزەکاندا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
٨ی ژانوییەی ٢٠٢٥ی زایینی