بەرەی یەکگرتووی کورد بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، بانگکردنی هاووڵاتییانی بەشدار لە ڕێوڕەسمێکی شایی لە پیرانشاری مەحکوم کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە زەماوەندێکی شاری خانێ سەر بە پارێزگای ورمێ، کە لە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو، بەهۆی لەبەرکردنی کەواوپانتۆڵی خاکی و هەڵپەڕکێ، کۆمەڵێ هاونیشتمانی لەسەر داوای پۆلیسی فەتا بانگی دادگای خانێ کراون.
ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٣، لانیکەم ٥٨ هاووڵاتیی دانیشتووی پارێزگای ورمێ، بە تۆمەتی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕین لە زەماوەندێکی شاری خانێ، دەبێ لە ماوەی ٥ ڕۆژدا خۆیان بە لقی یەکی لێپێچینەوەی دادگای خانێ بناسێنن.
بەرەی یەکگرتووی کورد بە توندی ئەمجۆرە هەڵسوکەوتە نائاساییانە مەحکووم دەکات و داوا دەکەین کە حورمەتی دابونەریتی خەڵکی پارێزگاکە پارێزراو بێت.
بەرەی یەکگرتووی کورد
۱۹ی بەفرانباری ۱٤۰۳