کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دادگای فێدراڵی ئاڵمان سکاڵایەک دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تۆمار کرا

13:13 - 13 خەرمانان 2726

کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤی لە ئێران، سکاڵایەکی ١٠٩ لاپەڕەییان دژی تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دادگای فێدراڵی ئاڵمان تۆمار کرد و لەو سکاڵایەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی تاوانبار کراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە پشتیوانیی یاسایی ڕێکخراوی "ئەپڕایتێز" و بەشداریکردنی پارێزەرانی ئاڵمانی، سکاڵانامەکەیان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشکەش بە دادوەری گشتیی فێدراڵی ئاڵمان کرد.

لەو سکاڵانامەیەدا، داوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر تاوان دژی مرۆڤایەتی لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی  ئێران بەپێی "ماددەی ٧ی یاسای تاوان دژی مافە نێودەوڵەتییەکانی ئاڵمان" کراوە.

ئەم سکاڵا ١٠٩ لاپەڕەیییە بەرهەمی چەندین مانگ لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی چالاکانی مافی مرۆییە و زیاتر لە ٦٠ چاوپێکەوتن لەگەڵ قوربانییان، شایەتحاڵان و ئەندامانی بنەماڵەکان لە نێوخۆی ئێران، تورکیە و وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکای باکووری لەخۆ گرتووە.

هەروەها لەو سکاڵایەدا، شیکارییەکی ورد لەسەر ئەو چەکانەی دژی خۆپیشاندەران بەکار هاتوون، برینەکان، بکەرانی سەرەکیی ئەو تاوانانە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم کراوە.

هەرچەند پێشتریش سکاڵایەکی هاوشێوە درابووە دادگای فێدراڵی ئاڵمان، بەڵام سکاڵای ئەمجارە بەڵگەمەندتر و جێی سەرنجی زیاترە و دەیان بەڵگەوێنە، لێدوانی شایەتحاڵان و ڕاپۆرتی وردی لەخۆ گرتووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لەمەڕ، گرانی، هەڵاوسان، هەژاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بە توندترین شێوە سەرکوت کرد و ئەو کردەوە دڕندانەی دەنگدانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و لەلایەن سەدان ڕێکخراوی مافی مرۆییەوە بە "تاوان دژی مرۆڤایەتی" لەقەڵەم درا.