دوابەدوای هۆشدارییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند دوای هێرشێک بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا، کۆنترۆڵی مەیدانیی بەرزاییە ستراتێژییەکانی "عەلی ئەلتاهیر"ی لە باشووری لوبنان گرتووەتە دەست.
هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد سەربازەکانیان لە ڕێگەی بۆسە، هێرشی خۆمپارە، نارنجۆک و دڕۆنەوە، ئەمنییەتی ناوچەکەیان دەستەبەر کردووە.
ئەرتەش ئاماژەی بەوەش کرد یەکەی "بەدر"ی حیزبوڵڵا بە بودجە و نەخشەی ئێران دوو تۆڕی تونێلیان لەم بەرزاییانەدا دروست کردبوو و لە دەیەکانی ڕابردوودا بۆ ئاڕاستەکردنی هێرشەکان دژی ئیسرائیل بەکاریان هێنابوون.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل، هێزەکانیان دەروازەی تونێلەکانیان کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ ڕاوێژکار یان ئەفسەرێکی ئێرانییان لەو نێوەدا نەدۆزیوەتەوە.
کۆنترۆڵکردنی ئەم بەرزاییانە کە بەسەر باشووری لوبناندا دەڕوانن و خاڵێکی جێناکۆکی ستراتێژیی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵان، دوای ئەوە هات کە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردبۆوە ڕێژیمی ئێران هۆشداریی دابووە واشنگتۆن کە هەر هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر زنجیرەچیای عەلی ئەلتاهیر، کاردانەوەی زۆر توندی تارانی بەدوادا دێت.