وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە دانیشتنێک لەگەڵ باڵوێزانی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە پێوەندییەکانی داهاتووی دوو وڵاتی فەرانسە و ئێران و هەروەها لابردنی سزاکان، بە ئازادکردنی هاووڵاتییانی فەرانسە لە ئێران گرێ دراوەتەوە.
ژان نوئێل بارۆ بە ئاماژەدان بە دۆخی خراپی هاووڵاتییانی بەندکراوی فەرانسەیی لە ئێران داوای لە خەڵکی ئەم وڵاتە کرد کە سەردانی ئێران نەکەن.
بارۆ لە پێوەندیی لەگەڵ دۆخی خراپی بەندکراوانی فەرانسەیی زیادی کردووە کە بارودۆخی هاووڵاتییانی فەرانسە کە چەند ساڵە لە ئێران بە بارمتە گیراون قەبووڵ ناکرێت.
وەزیری دەرەوەی فەرانسە بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەش، دۆخی سێ هاووڵاتیی فەرانسەیی بەندکراو هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نەهاتووە و بگرە خراپتریش بووە.
سێ هاووڵاتیی فەرانسە لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوییەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە ئێران بەند کراون.
کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە بەمەبەستی کەڵکاژۆوەرگرتن و گوشارخستنەسەر وڵاتانی ئورووپایی لە وتووێژە سیاسییەکاندا یان بەمەبەستی ئازادکردنی تاوانبارانی سەر بە تاران لە بەندیخانەکانی ئەم وڵاتانە، هاووڵاتییانی ئورووپایی بە بارمتە دەگرێت.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەندکرانی ئەم هاووڵاتییانە بە بارمتەگرتن لەلایەن تارانەوە دەزانن تاکوو وەک کارتێکی گوشار لە دانوستانەکانی لەگەڵ ڕۆژاوا بەکاری بێنێت.
هەر لە ماوەی ڕابردوودا چیچیلییا سالا، ڕۆژنامەوانی ئیتالیایی لە ئێران دەسبەسەر کرا.
تەنیا سێ ڕۆژ پێش دەسبەسەرکرانی ئەم ڕۆژنامەوانە ئیتالیاییە، یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بە ناوی "محەممەد عابدینی نەجەف ئابادی"، کە لە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران ڕۆڵی هەبووە، لە فڕۆکەخانەی شاری میلانی ئیتالیا، دەسبەسەر کرابوو.
کۆماری ئیسلامی پاش سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی "عابدینی" لە ئیتالیا، "چیچیلییا"ی لە ئێران بە بارمتە گرت تاکوو بتوانێت هاوشێوەی "حەمید نووری" لە سوید و "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" لە بێلژیک، ئازادییان بکات.