
یاسر ساڵحی، ئەندامی ڕێکخراوی نیزامی پزیشکیی ئێران، سەبارەت بە بەردەوامیی ڕەوتی کۆچکردن، گۆڕینی کار و خۆکوشتن لە نێو کادری دەرمانی لە ئێراندا هۆشداری دا و وتی کە دوور نییە ڕۆژێک بە ناچاری پزیشک هاوردە بکەین.
ساڵحی ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕێبەندان لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە کەمیی ئاستی حەز و ئارەزووی پزیشکان بۆ بوون بە یاریدەدەری پسپۆڕی پزیشک لە ئێراندا وتی لە ساڵی ١٤٠٣دا، لە کۆی پێنج هەزار و ٤٠٠ کورسی و دەرفەتی خوێندنی یاریدەدەریی پزیشکی لە زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکاندا، ٢هەزار و ٦٩ کورسی بە بەتاڵی ماونەتەوە.
ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی نیزام پزیشکی ڕایگەیاند کە گەنجانی بەتوانا، ئەمڕۆ بە دوای ئەو بوارانەدا دەگەڕێن کە بتوانن بەخێرایی وەرگرتن و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵاتی تێدا بەدەست بهێنن و وتی: لە ساڵانی داهاتوودا پزیشکی پسپۆڕمان دەبێت کە توانایەکی پزیشکی وایان نەبووە بەڵام بوونەتە پزیشکی پسپۆڕ، و ئەمەش نیشانەی هۆشداریی جیددی بۆ تەندروستی کۆمەڵگایە.
کۆچی پزیشکان و کارمەندانی دیکەی پزیشکی لەم ساڵانەدا بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی سیستەمی چاودێریی تەندروستی و دەرمانی لە ئێراندا.
هەروەها ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار، مستەفا موعین، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەخلاق لە زانست و تەکنۆلۆژیادا ڕایگەیاند کە تەنیا ١٦%ی ئێرانییەکان بیر لە کۆچکردن ناکەنەوە و ڕایگەیاند کە ٥٣٪ی مامۆستای زانکۆ، ٤٠٪ی خوێندکار و ٤٥٪ی پزیشک و پەرەستار مەیلیان بۆ کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات و ئەو شوێنی کە ڕێزی زیاتریان دەگرن و کاری باشتر هەیە و بایەخ بە زەحمەتەکانیان دەدەن هەیە.
هەروەها لە ١١ی خەزەڵوەر ئەبوحەسەن مستەفەوی، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوەی مەجلیس ئاماژەی بە قەیرانی کۆچی پزیشکان لە ئێرانەوە کرد و هۆشداری دا کە ئێران بەدەست کەمیی ١٢ هەزار پزیشکەوە دەناڵێنێت و لە زۆر بەشی گرینگی وەکوو بێهۆشی لە ئێستادا پزیشک کەمە و پزیشکی پێوەندیدار بەو بەشە لە ژووری نەشتەرگەرییدا کار ناکەن کە ئەمەش مەترسیدارە، هەروەها ناوبراو وتیشی کە ٤٠ لەسەدی پزیشکەکانمان ئێستا کاری دیکە دەکەن.
هەروەها لە بارەی خۆکوژی پزیشکانەوە، ساڵحی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە پزیشکمان هەیە کە لەژێر سەختی و گوشاری کاردا خۆیان دەکوژن و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەداخەوە زیاتر لە ٣٠ پزیشکی هاوکارمان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.