کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکات

12:11 - 20 رێبەندان 2724

ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ڕەتکردنەوەی داواکاریی پەخشان عەزیزی بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە، داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە دەستبەجێ لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕابگرن.

مای ساتۆ پێشتریش لە ١٨ی بەفرانباردا نیگەرانیی خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە دەربڕی و ئەو کارەی ڕێژیمه بە ڕەنگدانەوەی ئازار و ئەزیەتی ژنان و چالاکانی کەمینەکان لە ئێران ناو بردبوو.

ساتۆ بە ڕەخنە گرتن لە ئەشکەنجەدان و ڕاگرتنی پەخشان عەزیزی لە ژوورە تاکەکەسییەکان و هەروەها بێبەشکردنی لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتنی بە پارێزە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردەی کرد.