کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار ٨٧ هەزار تمەنی تێپەڕ کرد

12:16 - 20 رێبەندان 2724

ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕێبەندان، لە درێژەی داڕمانەکانی بەهای دراوی ئێران، نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێران گەیشتە ٨٧ هەزار و ٤٠٠ تمەن.

پاش ڕاوەستانی نرخی دۆلار بۆ ماوەیەکی کورت لە ٨٣ هەزار تمەندا، لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش فەرمانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە گەڕانەوەی گوشارە هەمەلایەنەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەهای دراوی ئێران بەروە داڕمانی زیاتر دەستی بە جووڵە کرد.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا سەبارەت بە گوشارە زۆرینەکان بۆ سەر تاران، کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک باسیان لە بە وتەی خۆیان "ئیقتسادی مقاومەتی" کردووە و وتووێژیان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردووەتەوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ فەرماندەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بە بێکەڵکبوونی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران نییە.

خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا و لە ناڕەزایەتی بە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا وتی: "وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا ژیرانە، زیرەکانە و شەرەفمەندانە نییە".

دۆناڵد ترامپ پاش واژۆکردنی فەرمانی گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو کە پێی خۆشە کێشەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکات و لەگەڵ مەسعوود پزشکییان دابنیشێت.

کارناسانی ئابووری پێش دەسپێکی کاری دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە نرخی دۆلار تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی بەهۆی گەڕانەوەی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، دەگاتە سەد هەزار تمەن.