
کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنی سەرکوتەکانی ڕێژیم بۆ سەر کەمینە نەتەوەییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا، هۆشداریی دا.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەم ناوەندە مافی مرۆییە کە ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕێبەندان بڵاو کراوەتەوە، هاتووە "لە پاش مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان لە ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی ژن، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دەسبەسەرکرانی چالاکانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە پەرەی سەندووە".
کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران زیادی کردووە، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی گوشاریان بۆ کۆمەڵێک لە دووکاندارانی پێوەستبوو بە مانگرتنەکەوە هێناوە.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە دروستکردنی دۆسییەی دادوەری بۆ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بەبۆنەی ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان بەرپرسی هەموو دەسبەسەرکران و بانگکرانەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بووە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە بەشێکی دیکە لە ڕاپۆرتەکەیدا پەرژاوەتە سەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە وەک عەرەب، بەلووچ و تورک.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کۆماری ئیسلامی لە سەرماوەزی ئەمساڵەوە دەستی کردووەتە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی ئەهوازی کە تاکوو ئێستا شوناسی ٦٩ کەسیان دیاری کراوە.
هەروەها زیادی کردووە کە لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە ٣٨ هاووڵاتیی بەلووچ دەسبەسەر کراون.
ڕاپۆرتەکە لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی ئازەری زمانیش هێناویەتی کە ڕێژیم لە ماوەی دە ڕۆژدا و لە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار تاکوو ٣ی ڕێبەندان، لێکۆڵینەوەی لە ١٢ چالاکی ئازەری بەهۆی بەشداریی لە گرووپە نایاساییەکان و کۆبوونەوەکان کردووە.
هادی قائێمی، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر کەمینەکان ڕایگەیاندووە، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نابێت لەهەمبەر سەرکوتی کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران بێهەڵوێست بێت و زیادیشی کردووە کە کۆتایی بە بێدەنگی لەم بوارەدا بهێندرێت و کوشتنە سەروویاساییەکان، دەسبەسەرکرانە بەربڵاوەکان و سەرکوتە سیستماتیکەکان لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانییەوە بخرێتە بەر باس.
کۆماری ئیسلامی سەردەمانێکی زۆرە کە کەمینە نەتەوەییەکان بەتایبەتی کورد و بەلووچ بە شێوەی سیستماتیک سەرکوت دەکات.