کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەکانی سپای پاسداران خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی فتوای خامنەیی لەسەر قەدەغەکردنی چەکی ناوکی بوون

10:42 - 21 رێبەندان 2724

ڕۆژنامەی تێلێگراف لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری ئێرانەوە نووسیویەتی کە چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە تایبەت دوای هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ لە دەستێوەردانێکی بێوێنەدا هەڵوێستی خۆیان گۆڕیوە و بە جیددی داوای بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوکییان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فەرماندە باڵاکانی نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە دەستێوەردانێکی بێوێنەدا بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامییان ڕاگەیاندووە کە پێویستە چەکی ناوکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لەسەر مانەوەی ئێران بەدەست بهێنن.

ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسێکی ڕێژیمی تارانەوە نووسیویەتی: ''خامنەیی وتوویژ لەگەڵ ئەمریکاییەکان و پەرەپێدانی چەکی ناوکیی قەدەغە کردووە؛ دوو شت کە پێدەچێت تاکە ڕێگەی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بن. ئەو ڕێژیم بەرەو داڕمان پاڵدەنێت''.

ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ''ئەو هەڕەشەی لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامییە و لە ئێستادا لەگەڵی بەرەوڕووین، وای کردووە چەندین فەرماندەی باڵا، کە پێشتر پێداگرییان لەسەر پەیڕەوکردنی فتوای خامنەیی دەکرد، ئێستا لەسەر دروستکردنی چەکی ناوکی گوشاریان هێناوە.''

فتوای خامنەیی بۆ ساڵی ١٣٨٢ دەگەڕێتەوە، لە دەقی ئەو فتوایەدا هاتووە کە جگە لە چەکی ناوکی، چەکی کۆمەڵکوژی دیکەش بۆ سەر مرۆڤایەتی هەڕەشەن و ئێمە (کۆماری ئیسلامی) بەکارهێنانی ئەو چەکانە بە حەرام دەزانین.

لەم دواییانەدا کە هێندیک لە بەرپرسانی ڕێفۆرمخوازی ئێران قسەیان لەسەر وتووێژ لەگەل ئەمریکا کردبوو، خامنەیی بە ئاماژەدان بە ئەزموونی بەرجام، وتووێژی لەگەڵ ئەمریکا بە توندی قەدەغە کرد و ڕایگەیاند: ''ئەو جۆرە وتووێژانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە و وتووێژکردن ژیرانە و زیرەکانە و شەرافەتمەندانە نییە.''