
ژن وەک خۆی!
ئاسۆ مینبەری
کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەر گۆی زەوی وای کردوە کە ئەم بوونەوەرە لە پێوەندی لەگەڵ هەموو پرسەکانی کۆمەڵەگەدا ڕۆڵ و ئەرکی تایبەتی هەبێ.
کۆمەڵایەتیبوون و گەیشتن بە قۆناغی ئەمڕۆی ژیان، پرۆسەیەکی دوورودرێژی خایاندوە و نکۆڵی لەوە ناکرێ قۆناغەکانیش هەرکامەیان ئاستەنگ و ئەزموونی جۆراوجۆریان تێدا بووە، هەر ئەم ئاستەنگانە وایان کردوە کە قۆناغەکانی ژیان وەک یەک نەبن و هەرکامەیان بەپێی سەردەمی خۆی، ئاکار و هەڵوێستی پێویست و گونجاوی خۆی ویستوە.
ئەگەرچی هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای بە کۆمەڵایەتیبوونەوە شەڕ بۆ مانەوە هەبووە و مرۆڤەکان بە شێوازی جیاواز هەوڵیان بۆ مانەوە و سەقامگیربوونی خۆیان لە سەر زەوی داوە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوەش، دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکان بوونیان هەبووە و گەیشتوونەتە ئەمڕۆ.
هاوکات لەگەڵ ئەوەش لە زۆر کۆمەڵگەدا شەڕەکان بەردەوامن، ئەتوانێ لە کۆمەڵگەیەکدا -مەبەست سەردەمی ئێستایە- شەڕ بۆ مافی ژیان بێت، ئەتوانێ شەڕ بۆ سەلماندنی ناسنامە بێت، ئەتوانێ شەڕ بۆ خاک و نیشتمانیش بێت یان زۆر شەڕی دیکە.
کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ وا دەکات مرۆڤەکان لە بەرەی هەر شەڕێکدا بە جۆرێک دابەشکارییان بۆ بکرێت، ئەم دابەشکارییە ئەتوانێ لە ڕووی توانای هزری و زانستییەوە بێت، یان توانای جەستەیی و یان تەنانەت توانا و جیاوازیی ڕەگەزی.
هەرچەند کە باسکردن لە جیاوازییەکان بەپێی ڕەگەز باسێکی زۆر دوورودرێژ و ئەڵبەت زانستیشە، بەڵام بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک بەربەست بینراوە!
زۆر جار لە زۆر بواری تایبەت و لە هەمان کات هەستیاری کۆمەڵگەدا، جیاکاریی ڕەگەزی وای کردوە کە پۆتانسیێلی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگە پەراوێز بخرێ، ئەگەرچی ئەو بەشە زۆر بەتواناش بێ!
جیا لە جیاوازییە فیزیۆلۆژییەکان کە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا ناگونجێ، پەروەردە و زۆر جاریش هێژموونی دەسەڵات دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەم پرسەدا هەبێت و هۆکاری سەرەکی بۆ جیاکارییەکان لە بواری ڕەگەزەوە بێت.
بۆیە بابەتی پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک بەرجستە دەکرێتەوە و دەبێتە یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانی پێوەندیدار بە جیاکارییە ڕەگەزییەکانەوە کە کۆمەڵگە لە وزەی بەشێکی بەرچاوی حەشیمەت بێبەری دەکات.
ئەمە بۆ ئێمە، واتە ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگە ئیدئۆلۆژیک و هاوکات نەریتییەکاندا ژیاوین، ڕاستییەکی ئاشنا و لە هەمان کاتدا تاڵە.
چونکە لەلایەکەوە دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک لە چوارچێوەی بیری خۆیدا ڕێوشوێنی ژیانمان بۆ دیاری دەکات و لە ڕێگەی پەروەردەوە وای لە کۆمەڵگەدا جێگیر دەکات کە لادان لەم چوارچێوەیە دەبێتە تاوانێکی گەورە و لەلایەکی تریشەوە نەریتیبوونی کۆمەڵگە وا دەکات کە زۆر شت بۆ ئێمە بە بڤە بزانرێت و نزیکبوونەوە و تەنانەت بیرکردنەوە لێیان تاوان بێت.
ئەوەی کە دەبێ بایەخی پێ بدرێت، ئەو شەڕە پیرۆزەیە کە لەم کۆمەڵگەیانەدا لە نێوان ئێمەی قوربانیی نەریت و ئیدئۆلۆژی و دەسەڵات و پەروەردەدا هاتووەتە ئاراوە. شەڕێک کە پێش لە هەموو شتێک شکۆ و کەرامەتی ژن لەگەڵ خۆی بە دیاری دێنێ.
لە دێرزەمانەوە ژنی کورد هەوڵی داوە قەت لە چوارچێوەی ئەو پێناسانەدا کە نەریت و دەسەڵات بۆیان داناوە خۆی قەتیس نەکاتەوە بۆیە زۆر پێویستە کە ژنی کورد وەک خۆی بناسرێت و ڕێز لە ماندووبوونی بگیردرێت.
ئەوەی کە لەم وتارەدا بە پێویست دەزانێ زەق بکرێتەوە، ئەوەیە کە بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا کە بە هۆی هەبوونی سۆشیاڵ میدیاوە زیاتر هەست بە بوون و بەشداریی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا کراوە، زیاتر ژنان وەک پاشکۆیەک چاویان لێ کراوە. زۆر جار وەک دایک، هاوسەر یان خوشکی فلانە کەس و هەوڵ دراوە کە بە جۆرێک پێوەندیی ژن لەگەڵ پیاوانی دەوروبەری نەپچڕێت، یان باشتر بڵێم ژن لە ناسنامەکەی دانەبڕێ!
ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە لەانیکەم لە کوردستاندا کە ژنان زۆر جار سەربەخۆ و بە پشتبەستن بە خۆیان توانیویانە ڕێگای ژیانی سەربەرزانە بپێون، تا ڕادەیەک ڕەخنەهەڵگرە! و وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک و بەشێکی بۆ نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە.
بەڵام لە ڕاستیدا ژنی کورد نەک لە پێناسە لەگەڵ پیاواندا بەڵکوو هەموو کات توانیویەتی پێناسەیەکی ڕێکوپێک لە ئازایەتی، بوێری و گیانفیدایی بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
بۆ نموونە ئەگەرچی شەهیدبوونی منداڵ، پێناسەی زۆر بەنرخی دایکی شەهید بۆ ژن زیاد دەکات بەڵام دیسانەوە پێویستە ژن وەک خۆی و بە توانا و ئەزموون و لێهاتوویی خۆیەوە بناسین .
ژن پیش لەوەی کە کچ، هاوسەر، خوشک یان دایکی پیاوێک بێت، مرۆڤێکی سەربەستە.
ئەم سەربەستییە لە ئاکاری ژنانی کوردستاندا بە ڕوونی بینراوە. ئەم سەربەستبوونە وا دەکات کە ڕۆژانە ژنان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتەوە دەسبەسەر بکرێن، ئازار و ئەشکەنجە بدرێن، سزای قورسی وەک سێدارەیان بەسەردا بسەپێت تاکوو لە پێناسەی ژنبوونی خۆیان بیانسڕێتەوە.
ژنبوون ئەگەرچی لای کۆماری ئیسلامی وەک لاوازییەک پێناسەی بۆ کراوە بەڵام، ئاکاری شۆڕشگێڕانە و بوێرانەی ژنان وای کردووە خودی ئەو دەسەڵاتەش دان بە هێزی ژناندا بنێت هەر بۆیە پەتی سێدارەی بە باشترین چارەسەر بۆ سڕینەوەی ژنان زانیوە.