![](/content/upload/1/news/77624_w920.jpg)
کرماشان لە هەناوی ژێئۆپۆلۆتیکی کوردستاندا
پژمان شەریعەتی
لە جیهانی ئەمڕۆدا وڵاتان هەوڵ دەدەن بە کەلکوەرگرتن لە ژێئۆپۆلۆتیک بۆ داڕشتنی سیاسەت و بەرەوپێشبردنی ڕێکار و نەخشەڕێگاکان بەنیسبەت بەدەستهێنان و پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی کەلک وەرگرن و پرسێکی زۆر گرنگە لەبارەی ئەمنییەتی نیشتمانی. بەپێی دیکشێنێری ئاکسفۆرد، ژێئۆپۆلۆتیک واتە: "خوێندنەوەی چۆنیەتیی کاریگەریی وەرگرتنی سیاسەتە لە ژینگەی جۆغرافیایی" و هۆکارەکانی ناسیاوی ژێئۆپۆلۆتیک بریتین لە: هەڵکەوتەی ستراتێژیک و ژێئۆستراتێژی، هەڵکەوتەکانی پەیوەندی، ژینگە و فیزیکی زەوی لە بواری فۆرمەوە، بەرینایی، دۆخی تۆپۆگرافی، ئابووری، سیاسی، نیزامی، سەرمایەیی مرۆیی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مێژوویی و... هتد. لەم پەیوەندییەدا وڵاتان بە کەلکوەرگرتن لە ژێئۆپۆلۆتیک، سیاسەتی بەرگری و ئەمنییەتی خۆیان دابڕێژن، ئاڵوگۆڕ بە هێزی نیزامی و توانای ڕێژەیی و کوالێتیی هێزە چەکدارەکانیان بگۆڕن، پەرە بە دامەزراوە و سەنعەتی نیزامیی خۆیان بدەن و هەروەها کەلک لە گرێبەستە نیزامی و پەیماننامە ئەمنییەتییەکان وەربگرن.
بەم پێشەکییە دێنە سەر کوردستان و ژێئۆپۆلۆتیکی ئەم وڵاتە و بەتایبەتی پارێزگای "کرماشان" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەڵکەوتەیەکی تایبەتی هەیە. بە خوێندنەوەیەکی سەرەتایی و هەڵسەنگاندێک بە نیسبەت هەڵکەوتەی کوردستان و ژێئۆپۆلۆتیکی ئەم خاکە و بە لەبەرچاو گرتنی ئەو خاڵانە کە لە پێشەکیدا هاتوون، بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان هەڵکەوتەیەکی ستراتیژیکیی تایبەتی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە شێوازێک دەتوانین بڵێین زۆرینەی پرس و کێشە و گرفتەکان و دەروازەی چارەسەری ئەمنییەت لە ناوچەکە هەر کوردستانە. بێگومان داگیرکەرانی کوردستانیش بە باشی زاڵن لەسەر ئەم بابەتە و بەداخەوە ئەم خاک و جوگرافیایە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە و هەتا ئێستاش نەیانهێشتوە کوردستان ڕۆڵی کاریگەریی خۆی بگێڕێت و بە جۆرێک دەیانهەوێت ئەو خاڵە پۆزەتیڤ و چارەنووسسازانە کە لە کوردستان هەیە و وەکوو سەرمایەیەکی جیهانییە لە ڕاستای بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بیهێنن.
لەو هاوکێشەیەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو بەشەکانی دیکەی کوردستان جێگەی سەرنجە و دەبێ وردبوونەوە و خوێندنەوەی تایبەتی بۆ بکرێت، چونکە داگیرکەر لەو بەشەدا بە باشی لە ڕاستای بەرژەوەندی خۆی و تاڵانکردن، نائەمنکردن و مێلیتاریزەکردنی کوردستان کەڵکی لێوەرگرتوە. بە باسکردن لەسەر چەندین نموونەی تایبەت و هەڵسەنگاندنێکی زانستی دەردەکەوێت کە پارێزگای کرماشان لە بواری ژێئۆپۆلۆتیک و ژێئۆستراتێژی، هەڵکەوتەیەکی زۆر تایبەتی هەیە. بەپێی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە باسمان کردن، وەکوو ژینگە، فۆرمی زەوی، بەرینایی، ئابووری و سەرچاوە و... پارێزگای کرماشان هەڵکەوتەیەکی ستراتێژیکە و داگیرکەر بە خوێندنەوەی زانیاری لەسەر ئەم تایبەتمەندییانە پڕۆژەی نیزامی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی و... خۆی بۆ کوردستان لە ڕێگای کرماشان بە کردەیی دەکات. لە بواری نیزامی ئەگەر بمانهەوێت گرنگیی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو ناوەندێکی تایبەت باس بکەین، هەر لە کاتی دامەزرانی ئەرتەشی ئێران لە سەردمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، زۆرترین هێز و کەرەستەی نیزامی کە لە ڕۆژهەڵات دامەزرابێت، لە کرماشان بووە. وەکوو نموونەی بەرچاو: لەشکەری ٨١ی زرێهیی ئەرتەش کە پادگان و ستادەکەی لە کرماشانە و زیاتر لە ٢٤ هەزار کەس لە هێزەکانی ئەرتەش کە بریتییە لە: سێ تیپ و هەزاران کەرەستەی نیزامی لەو پادگانە جێگیر کراون و فەرماندەیی دەکرێن. خاڵێکی دیکە کە جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە لەسەر دەرگای پادگانی لەشکەری ٨١ کە لە نێوەڕاستی شاری کرماشان و لە شوێنی مەدەنی دامەزراوە، نووسراوە تایبەت بە شارەکانی:(کرماشان، سنە، هەمەدان و ئیلام). ئەمە بە باشی دەریدەخات کە ڕێژیم لە بواری ژێئۆستراتیژیک بە خوێندنەوە جووڵاوەتەوە و لەوپەڕی گرنگی دەڕوانێتە ئەو پارێزگایە، لێرەدا مەبەست لە گرنگی بەو واتایە نییە کە ڕێژیم گرنگی دەداتە شاری کرماشان، بەڵکوو گرنگییەکانی ئەو ناوچەیە دەزانێت و لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی خۆی و دژایەتی و سەرکوتی کورد بەکاری دەهێنێت.
لە ئێستادا بە سەدان پادگان و بنکەی نیزامی، لە هێزی زەوی، ئاسمانی، پەدافەند، پایەگای مووشەکی و... لە پارێزگای کرماشان لە ئەرتەش و سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم هەن کە نموونەی بەرچاوی میلیتاریزەکردنی کوردستانە. لەلایەکی دیکەشەوە هەر بەو مەبەستە، ڕێژیم بە بیانووی شەڕی ئێران و عێراق دامەزراوە و هێزی نیزامی خۆی لە کوردستان چەند قات کرد و ساڵانە بنکەی نیزامیی زیاتر لە کوردستان بەتایبەتی لە کرماشان جێگیر دەکات. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵانە مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبات و یەکێک لەو شوێنانە کە بەردەوام مانۆڕی لێی بەڕێوە دەچێت، پارێزگای "کرماشانە". وەکوو تازەترین نموونە: دەتوانین ئاماژە بە مانۆڕی (پیامبر اعظم)ی هێزی زەوینی و ئاسمانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندیی کرماشان بکەین کە چەندین ڕۆژە بەو بیانووە بە هەزاران هێز و کەرەستەی نیزامی و بەتایبەتی مووشەکی گواستەوە بۆ کوردستان و جێگیریان کرد. لەم مانۆڕەدا کە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامی" و پاسداری تێرۆریست "محەممەدی پاکپوور" و دەیان فەرماندەی پایەبەرزی ڕێژیم بەڕێوە چوو، سپای تێرۆریستی پاسداران تاقیکاری سیستمەی مووشەکی، تۆپخانەیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کرد و هەروەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن یەکێک لە گەورەترین مانۆڕەکانی ڕێژیم بووە کە لە "غرب کشور!" بەڕێوە چووە.
ئەم سیاستەی ڕێژیم هەڵگری چەندین پەیامە بۆ ئێمە کە لە ڕوانگەی ئەوان ڕۆژاوای ئێران لە بواری ژێئۆپۆلۆتیک و ژێئۆستراتیژی زۆر گرنگە و ناوەندیی ئەو بەشە لە ئێران کرماشانە و چەندین ئامانجی جیاوازیان هەیە کە بە تەواوەتی بە دژی ئێمەی کوردە و دەیانهەوێت لە بنکەکانی خۆیان لەو پارێزگایە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن و بیخەنە ژێر چاوەدێری و بەپێچەوانە لە مێحوەرییەتبوونی کرماشان لە بزووتنەوەی کوردستان بە تەواوەتی دەترسن و وەکوو شادەمارێک دەیبینن و دەیانهەوێت بە کپکردن و لاوازکردنی ئەو شادەمارە، جەستەی کوردستان لاواز و بەرەو لەناوچوون ببەن.
لێرەدا تەنیا ئاماژەمان بە چەندین نموونە کرد و لەم باسەی کۆتاییدا کە باس لە سیاسەتەکانی ڕێژیم کرا دەبێ لە بواری ژێئۆستراتیژی خوێندنەوەی بۆ بکەین. ژێئۆستراتیژی بەگشتی بەو واتایە هاتوە کە پەیوەندیی نێوان ستراتێژی و هۆکارەکانی جوگرافیاییە. "مورتێر جیملر" لە پێناسەی ژێئۆستراتیژیدا دەڵێت: "هونەر و زانستی پەیوەندیدانی چالاکییەکانە لەڕاستای فاکتۆری سیاسەت، ستێراتیژی، جوگرافیا و بەکارهێنانیان بۆ جمووجۆڵی ستراتیژیکی نیزامی. بەشێوازێکی دیکە باس لەوە دەکرێت کە ژێئۆستراتیژی پەیوەندی نێوان هێزە بە لەبەرچاوگرتنی جۆغرافیا. لەو ڕاستایە بەکاردێت کە شوێنێکی دیاریی تایبەت، نەتەوەیەک لەنێو جوگرافیای دەسەڵات، شوێنێک کە وەکوو هێمایە و... دەستنیشان بکرێت بۆ دەستبەسەر داگرتن و کۆنتڕۆڵی ئەو موازنەی سیاسییە کە دەسەڵاتەکاندا هەیانە لەبەرچاوی دەگرن و گارانتی داگیرکردنی بەردەوام دەکات.
دەتوانین بڵێین کە داگیرکردن و میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵات و دەستبەسەرگرتنی سەرچاوەکان تەنیا بابەتێکی ژێئۆپۆلۆتیک نییە، بەڵکوو ژێئۆستراتێژیکیشە و ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت بەبێ ئاشکرابوونی پیلانەکانی بە ئامانجەکانی خۆی بگات و کات و دەستپێک و کۆتایی دیار نەبێت و قووڵایی پیلانەکە دەرنەکەوێت و ئاکامی دیار نەبێت، تاکوو لە بەرامبەری بەرگری نەکرێت و هیچ هێز و لایەنێک نەتوانێت پێشی پێبگرێت و لە کاتی قەومان و ڕوودانی کارەساتەکان وەکوو بابەتێکی ژێئۆپۆلۆتیک بیهێنێتە بەرباس. لە کۆتاییدا دەتوانیم بڵێم ئێمەی کورد پیلانەکانی ڕێژیمی ئێرانمان زانیوە و هەتا ئێستایشی لەگەڵ بێت لەبەرگریکردن و پێشگرتن لەو سیاسەتە دژە مرۆییە خەباتمان کردوە، بەڵام دەبێت زانستیتر و بە گۆڕینی ستراتێژیک بڕوانینە پرسەکان، چونکە نە تەنیا گرێدراوە بەشێوازی ئەمڕۆیی ژیانمان، بەڵکوو داهاتوومان دیاری دەدات.