![](/content/upload/1/news/77626_w920.jpg)
ساڵی دوو بەهار
هیوا خانی
دووی ڕێبەندانی ئەمساڵیشمان بەڕێ کرد، ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزران و ڕاگەیاندنی یەکەم کۆماری ئازاد و دێموکراتیک لە سەر ئاستی کوردستان و لە ئێران بە ناوەندییەتی شاری دێرینی مەهاباد بۆ کوردانی هەموو جیهان. کۆمارێک هەر چەند ساوا بەڵام جێگای شانازی، مۆدێڕن و سەردەمیانە و بەڕۆژ. بەهاتنی گەلێک یەکەمی لەگەڵ خۆی هێنایە گۆرەپانی سیاسی، هونەری، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی ... گوفتمانێک و دەسکەوت گەلێکی هێنایە ئاراوە کە ئێستاش کۆمەڵگای کوردەواری لە زۆران بەجێماوە و بۆی دەستەبەر نەکراوە. شادی و خۆشییەکی یەکجار بەرفراوانی خستبوە دڵی هەموو تاکێکی کوردەوە. بۆ ڕۆژی ڕاگەیاندنی، ڕێوڕسمێکی بەشکۆیان بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان پێکهێنابوو. بۆ هەستپێکردن و تێکەڵبوون لەگەڵ خۆشی و شکۆی ئەو ڕۆژە پیرۆز و مەزنە، وەرن با ئاوڕێکی لێوەدەین و بە ڕوحیکی کوردانەوە بگەرێینەوە ئەو سەردەمە زێڕینە و ئێمەش بەشداری ئەو ڕۆژە بەشکۆیە بیان و ئەو کەشە خۆش و لێوڕێژ لە هەست و خۆشی و سەرکەوتنە کوردانەیە لە زەینی خۆماندا وەرد دەینەوە و کارحازری ڕوحی بکەین بۆ ڕۆژێکی نەزۆر دووری داهاتوومان.
بەرەبەیانی دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوییە، کازیوەی بەیانی ئەنگووتوە و تازە زەردە لە سەرانی داوە. لە ناوەندی چوار چرای مەهاباد، بارەگایەکیان ڕازاندۆتەوە و سەکۆیەکیان ئامادە کردوە کە لە ڕاست و چەپی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەشەکێتەوە. سەر تەختی سینگی سەکۆکەش بە ئاڵای موبارەک نەخشێندراوە. هێندێک قۆڵسوور (چاوەدێر، انتظامات) ڕاوەستاون و هێندێک کەسیش بۆ کارڕاستی تێکەوەداوێن، سەرمای تۆف و بەستەڵەکی زستانی مانگی ڕێبەندان حەرزی کردۆتە جگ. بەو حاڵەش حەوش و شەقام هەمووی گەسک دراوە و وڵات پاک و خاوێن، جوان و ڕازاوە بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە پلاکارد و پەڕۆیی لیزگە کراوی ڕەنگاورەنگ ڕازێندراوەتەوە. وڵات بۆنی گڵی ئاوڕشێن کراوی بەهاری دەدا. تاوبان خۆش دەبێ و وردە وردە خەڵک دادەوەرووکێن. چللەش ئاسمانی بۆ ئەو ڕۆژە بێگەرد کردوە، تاو و ساوێکی خۆش و دڵگیر. جەماوەر لە هەموو شار و شارۆچکەکانەوە، لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە، بە چەند فەرسەخ بە هیوا و ئاوات و دڵی گەرمەوە ڕێگای سەخت و بەفر و بەستەڵەکی چلەی زستانیان بڕیوە و خۆیان گەیاندۆتە ناوەندی مەکۆی ئەویندارانی نیشتمان و ڕووگەی ئاواتی لە مێژینەی کورد. شوێن بۆ هەموو چین و توێژەکان دابین کراوە، هەموو بە جلکی کوردی ڕازاوە و جوان، سۆرانی و پێچ و کڵاو و جامانە. ژنان بە بەرگی ئاڵ و واڵاوە خۆیان لە تۆپی گوڵێ داوە. خوێندکاران و قوتابییان لە کچ و کوڕ بەڕێز لە شوێنی دیاریکراو جێگیر دەبوون. گەورە پیاوان و پیاوماقووڵانی هەموو ناوچەکانی کوردستان، ئامادە بوون. ڕاددەی جەماوەری بەشدار بوو زیاتر لە بیست هەزار کەس دەقەبڵێندرا، هێزی پارێزەری کوردستان کە تازە ناوی پێشمەرگەی بۆ دیاری کرابوو بە چەندان هێز و لک و پەل و دەستە بە پیادە و سوارە نیزام بە کەلوپەلی پۆشتەی سەربازی بە لەباری و تەکوزی خەبەردار ڕاوەستا بوون. جەماوەری شار و لادێ درشت و ورد هەر کەس لە جێگای خۆی بە نەزم و تەرتیبێکی جوان کە هێندێک دەسکە گوڵ بەدەست و هێندێک باوەشە گوڵیان بە ئامێزەوە بوو بەڕیز و بەڕێزەوە ڕاوستاون.
یەکدابەدوو چەپڵە و هوڕای خەڵکی بەرز دەبێتەوە و دەنگی هەلهەلە و شادی دەگاتە ئاسمان. حەزرەتی پێشەوا وەدەر کەوت، سەرکۆماری موعەززەزی کوردستان، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرەو بارەگای ڕازاوە و سەکۆی وتاردان هەنگاوی نا. هەنگاوی قورس و قایم بە دڵێکی پڕ لە هیوا و ئاواتەوە بەرەو دیاری کردنی چارەنووسی قەت نەنووسراوی ڕۆژگاری پر لە نەهامەتی، بۆ دوایی هێنان بەو هەموو ئازار و مەینەتییەی کورد، نیزیک دەبۆوە بە چ سام و بە چ هەیبەتێکەوە! دەنگی جەماوەر هەر نابڕێتەوە، جەماعەتێک بە دوویەوە هێندێک لە ڕاست و هێندێک لە چەپی هاوڕێی دەکەن هەتا بەردەم سەکۆی وتاردان سڵاو لە جەماوەر دەکا و دەفەرمووێ: “ئەی جەماوەری کورد، ئەی بەچکە شێرانی کورد! سڵاوتان لێ بێت. ئەو ئەرکە گرنگەی کە ئێوە بە منتان سپاردوە، داوا لە خوای مەزن و ئێوەی جەماوەری کورد دەکەم کە یارمەتیم بدەن، تاکو بتوانم ھەتا سەر ئەم کارە بۆ بەرژەوەندیی میللەتەکەم بەرمە سەر و بەرامبەر بە ئێوە و خوای مەزن خەجاڵەت نەبم" دیسان هووڕا و چەپڵەڕێزان بەرز دەبێتەوە.
لەو کاتەدا پێشەوا تێکشا بەرەو هێز پارێزەری کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان سان دەبینێ و ڕێز و ئیحتیڕامیان بۆ دادەنێ. پڕ بە گەروو هاوار دەکا "ئازادن، ئێوە ئەی پێشمەرگە" ئازادکەرانی کوردستان، پارێزەرانی نیشتمان هەر بژین. لەو کاتەدا دەنگی زرمەی تۆپی تۆپخانەی لەشکری کوردستان دەخرۆشێ و دە خولەک بێپسانەوە شریخ و هۆری تۆپان بۆ شادباشی کۆماری تازەی کوردستان گوڕڕەی دێ و دەتەقێندرێ.
دیسان چەپڵەڕێزان دەست پێ دەکاتەوە هوڕاکێشان گوی ئاسمان کەڕ دەکا ئاڵای دەستی قوتابی و خوێندکارەکان و جەماوە وەسەما دەکەون، دەشەکێنەوە.
مەقامی موعەزەمی سەرکۆمار دەگەڕێتەوە سەر سەکۆ. لەنێو جەرگەی جەماوەردا مارش و موزیک و سروودی نەتەوەیی بەرز دەبێتەوە جەماوەر ڕادەبن، بێدەنگ، دەست دەخەنە سەر دڵیان. ئاڵای سێ ڕەنگ و پیرۆزی کوردستان لە پێش سەکۆوە وردە وردە بەرەو ژوور دەچێ. پێشەوا لەگەڵ ئەوەی ڕق ڕاوەستاوە، بە نیشانەی ڕێز بۆ ئاڵا دەستی ڕاستی لە نێوان چاو و گوێی ڕاگرتوە و دەئاڵاکە هەڵدەڕوانێ ئەویش هەروا بۆ سەر دەچێ. کەس نەڵێ کورد مردوە، کورد زیندووە زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان... ئەو مارش و سروودە ئاگر لە دەروونی زۆران بەردەدا، دەکوڵن، لۆزەوەی فرمێسک لە چاوان هەڵدەڕژێ. زۆریان ئۆخژنیان بە دڵی دادێ! ئۆخەی نەمردم و ڕزگاریی کوردستانم بە چاوانم دیت و نەبووە گرێی سەر کفنەکەم، چاو و دڵمان ڕوون. دەسرەی دەستی گوڵینک ڕەنگاوڕەنگی بەر پشتێندان، دەکرێنەوە و فرمێسکی گەرمی دڵ سووتاوانی کوردستان دەسڕن. ئای ی ی کە چەند خۆشە ئەو گریانە، ئەو سووتانە، ئەو ئاوات و ئۆخژنانە.
ڕێوڕەسمەکە درێژەی پێ دەدرێ و لە درێژەدا ٢٣ کەسایەتی وتار دەدەن و شێعر دەخوێننەوە حەزرەتی پێشەواش وەک سەرۆک کۆماری کوردستان بە فەرمی سوێندی یاسایی دەخوات و ئەوجار وەک سەرۆک کۆمار نوتقێکی بەپێز دەدا و باسی نەهامەتی و دوژمنان و دوێنی و ئەمڕۆی کورد دەکا. دێتە سەر تاریفی کورد و دەفەرمووێ: "میللەتی ڕەشید و بەغیرەتی کورد لە هەموو دەور و زەمانێکدا هەرکەس خەیاڵی ئیستیلای نیشتیمانی ئەوانی بووبێ، بەرەنگاری بوون و بەربەرەکانییان کردوە و لە هیچ فیداکارییەک دەستیان دانەنواندوە. لە پاش لە دەستچوونی سەلەتەنەت و حوکمداریشیان بۆ وەگیر خستنەوەی ئیستقلال و ئازادی بە میلیۆن قوربانییان داوە، لەبەر ئەوەی کە هەمیشە لە موبارزە و ملەدا بوون، هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێک نەماوە نەیچێژن و نەیبینن"
ئاغای سەید محەممەد حەمیدی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵ و ئۆڕگانی حیزب و کۆمار سەبارەت بەو ڕۆژە و وەدەستهاتنی ئەو دەستکەوتە ئاوا باسی پێشەوای کورد دەکا: "(ئەو شکۆ فەڕڕە) هەموو لە هێزی دەستی بەیزا و ئیعجازی وێنە مسیحایی بێوێنەی کورد و تاقە کوڕی بە شەهامەتی کوردستان مامۆستا و ڕێبەری مەزنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جەنابی قازی محەممەد، کە دەگەڵ جد و جەهدی خەلەل ناپەزیر و باوەڕی ڕاسخ و شوجاعت و مەتانەتی بێئەژمار ڕێگای ڕێنمایی قەومی خۆی وەپێش گرت و تەواوی خەتەراتی زۆر سامناک و بەرهەڵستی زلی مڵۆزمان و دوژمنانی بە نەبوو دانا و بەبێ شک و تەردید و خەیاڵات، هەوەڵ، بە لابردنی هەموو بەرهەڵستەکان خەریک بوو، پاشان بە فەراهەمکردنی زەمینە و ئیجاد و ئیستمدادی کۆمەڵ لە ڕێی دانانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیقدامی فەرموو."
سپاس بۆ پێشەوای گەورە و مەزنی کورد سپاس بۆ پێشمەرگە ڕۆڵەی سەربەرز و نەبەزی کورد. سپاس بۆ حیزبی دێموکرات بۆ ئەو ئەزموونە سەرکەوتوو و شازەی لەو بڕگەی مێژووییەدا پێشکەش بە نەتەوەی کوردی کرد کە پاش نیزیک بە هەشتا ساڵ ئێستاش هەموو کورد شانازی پێوەدەکا. پیرۆز بێت لە هەمووان دوو ڕێبەندان.