
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندان، پێکهاتنی کابینەی نوێی دەوڵەتی لوبنانی بە کەمبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی لایەنگرانی حیزبوڵڵا لەم کابینەیەدا، ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی ڕۆیتێرز، کەمبوونەوەی بەرچاوی لایەنگرانی حیزبوڵڵای لوبنان لە پێکهاتەی کابینەی نوێدا دەبێتە بەربەستێک بۆ ئەم گرووپە و هاوپەیمانەکانی تاکوو لە ڕەوتی بڕیارەکانی دەوڵەتی لوبنان ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت.
هاوکات لەگڵ دیاریکردنی کابینەی دەوڵەت، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، ڕایگەیاند کە یەکێک لە هەوڵە سەرەکییەکانی دەوڵەتی نوێ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە جێگیربوونی ئەرتەشی لوبنان لە باشووری ئەم وڵاتە دەبێت.
بڕیارنامەی ١٧٠١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات کە حیزبوڵڵای لوبنان چەک بکرێت و تا باکووری ڕووباری لیتانی پاشەکشێی پێ بکات و هەروەها ئەرتەشی لوبنان و هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان جێگیر بکرێن.
سەلام زیادی کردووە کە دەوڵەتی نوێ هەوڵی گەڕانەوەی متمانە لە نێوان هاووڵاتییان و دەوڵەت و هەروەها متمانەی نێوان لوبنان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەداتەوە.
ئەمریکا بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە سەر ڕەوتی پێکهاتنی کابینەکە، ڕۆڵی هەبووە.
مۆرگان ئۆرتێگاس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا دەستێوەردانەکانی حیزبوڵڵا لە کابینەی نوێی لوبناندا بە هێڵی سوور دەزانێت.
حیزبی هێزە مەسیحییەکانی لوبنان کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەشداری کابینەی دەوڵەت نەبووە و یەکێک لە دژبەرە سەرەکییەکانی حیزبوڵڵا دێتە ئەژمار، چوار وەزیری کابینەکەی هەڵبژاردووە.
هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی دەسەڵاتی گرووپی حیزبوڵڵا، دەوڵەتی نوێی لوبنان لە هەوڵدایە تاکوو بە پشتیوانیی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی، خەسارەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی پاش شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل قەرەبوو بکاتەوە.
گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، ساڵی ڕابردووی زایینی هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەرتەشی ئیسرائیل بچێتە نێو خاکی لوبنانەوە و لە شەڕێکی چەند مانگەدا زۆربەی سەرکردە و فەرماندە باڵاکانی ئەم گرووپە لە نێو ببات و تا ڕادەیەکی بەرچاو لاوازی بکات.