
کارناسێکی بواری ئابووری هۆکاری بێکاریی دەرچووانی زانکۆکان لە کرماشانی بە نەگونجانی ڕاهێنانەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕ و سنوورداربوونی دەرفەتەکانی کار و لاوازیی لێهاتوویی زانستی ناو بردووە.
حەیدەر دارابی پەیامنێری ئابووریی تۆڕی زانیاری "مێرساد"، بە ئاماژەدان بە ڕێژەی بەرزی بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆ لە کرماشان، گرینگترین هۆکاری بە نەگونجانی خوێندنی زانکۆ لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار زانی و ڕایگەیاند: ''زۆرێک لە بوارەکانی خوێندنی زانکۆ کە لەم پارێزگایە هەن بۆ پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خاوەنکاران گونجاو نین و ئەمەش وای کردووە دەرچووان بەو لێهاتووییانەی کە لە بازاڕی کاردا کاری پێناکرێت، بچنە ناو کۆمەڵگاوە.''
ئەم کارناسە ئابوورییە بە ئاماژە بە سنوورداربوونی هەلی کار لە پارێزگای کرماشان وتی توانای ڕاکێشانی هێزی کار لە دامودەزگاکانی دەوڵەتیدا سنووردارە و کەرتی تایبەتیش بەهۆی کێشەی ئابووری و نەبوونی وەبەرهێنان و چەقبەستوویی پیشەسازییەکان، ناتوانێت هەلی کارێکی بەرفراوان بڕەخسێنێت.
پێشتریش بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان، بە ئاماژەدان بە بەرزیی ڕێژەی بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆ، وتی ٨٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆ لێهاتووییان نییە.
موختار ئەحمەدی باسی لەوە کردبوو ٢٠ لەسەدی دەرچووانی خاوەن بڕاونامەی کاردانی بێکارن، کە بە ڕێژەی ٢.٢ لەسەد لە نێونجی ئێرانە و هەروەها ڕایگەیاند کە نزیکەی ٤٠ لەسەدی بێکارانی کرماشان لە دەرچووانی زانکۆ پێک دێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە نرخی بێکاری لە زستانی ١٤٠٢دا، پارێزگای کرماشان زیاترین نرخی بێکاریی لە ئێراندا بووە.