
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕێبەندان (٩ی فێورییەی ٢٠٢٥ی زایینی) دكتۆر شێخ مورشید خەزنەوی، كەسایەتیی دیار و چاكەخوازی نەتەوەیی كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەمەبەستی لێكنزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژاوای كوردستان لە ئورووپا ڕا گەڕاوەتە ڕۆژاوای كوردستان، وێرای شاندی یاوەری سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە هەولێریان كرد. شێخ مورشید خەزنەوی و شاندی یاوەری لە لایەن هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب بە سەرپەرستی محەمەدساڵح قادری و ئامانج زیبایی پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا.
لەو دیدارەدا دكتۆر مورشید خەزنەوی وێرای بەرز نرخاندنی خەباتی حیزبی دێموكرات و ڕێبەرانی شەهید، پێشەوا قازی محەممەد و دكتۆر قاسملوو بۆ وەدیهێنانی مافی كورد، لە هەمانكاتدا ستایشی ڕۆڵی بوێرانە و پێشەنگایەتیی مامۆستایانی نیشتیمانپەروەری ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە سەنگەری دیفاع لە مافی ڕەوای كوردی کرد. بەڕێزیان بە ئاماژە بەوەی مامۆستایانی ئایینی شانبەشانی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات دەکەن، دەگیرین و حوکم دەدرێن و تەنانەت ئێعدام دەکرێن، پێداگریی لەسەر پێویستیی یەکڕیزی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لە خەباتی نەتەوایەتیدا کرد.
لەو دیدارەدا شاندی حیزبیش وێرای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی چاكەخوازی و نیشتیمانپەروەریی شێخ مورشید خەزنەوی كە لە دۆخی نوێی سووریە و ڕۆژاوای كوردستاندا ڕۆلێكی بەرچاو و جێگەی بایەخی بۆ پێكهێنانی تەبایی و لێكنزیككردنەوەی حیزب و لایەن و خەڵكی ڕۆژاوای كوردستان گێراوە، پشتگیریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی لەو حەولانەی بەڕێزیان ڕاگەیاند.
لەو دیدارەدا شاندی حیزب وێنەیەكی پێشەوا قازی محەممەدیان پێشكەشی شێخ مورشید خەزنەوی كرد.