کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی نرخی دراوی ئێران خێراتر لە جاران/ دۆلار ٩٤ هەزار تمەنیشی تێپەڕ کرد

10:51 - 22 رێبەندان 2724

لە درێژەی دابەزینەکانی بەهای دراوی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، نرخی تمەن گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکادا و هەر دۆلار بە زیاتر لە ٩٤ هەزار تمەن ئاڵوگۆڕی پێ کرا.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی عەلی خامنەیی سەبارەت بە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا، داڕمانی بەهای دراوی ئێران خێراتر بوویە و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکا گەیشتە زیاتر لە ٩٤ هەزار تمەن.

ڕێبەری ڕێژیم ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕێبەندان ڕایگەیاندبوو کە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا ژیرانە، زیرەکانە و بەشەرەفانە نییە.

تەنیا سێ ڕۆژ پاش ئەم قسانەی خامنەیی نرخی دۆلار زیاتر لە ٨ هەزار تمەن، تاکوو پێش نیوەڕۆی دووشەممە، گران بوو.

لە پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا و سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ، بەهای دراوی ئێران زیاتر لە ٣٠٪ دابەزیوە و وێدەچێت لە بەرەبەری ساڵی نوێشدا هەر وەک ڕابردوو لەم دابەزینە بەردەوام بێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپ فەرمانی گەڕانەوەی گوشارە هەمەلایەنەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی واژۆ کرد.

پێشتر کارناسانی ئابووری پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە نرخی دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە سەد هەزار تمەن، بەڵام وێدەچێت بەم خێراییە کە دابەزینی بەهای دراوی ئێران گرتوویەتیە بەر، نرخی دۆلار تا کۆتاییەکانی ساڵ سەد هەزار تمەنیش تێپەڕ بکات.

ڕێکخراوی "بەرنامە و بوودجە"ی ڕێژیم لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا پێشبینی کردبوو کە نرخی دۆلار لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ دەگاتە ٧٠ هەزار و لە ساڵی ١٤٠٤ دەگاتە سەد و ١٠ هەزار تمەن.

بەڵام دیارە کە پێشبینییەکەی ئەم ڕێکخراوە زیاتر لە دۆخی قەیراناویی ئێران، گەشبینانە بووە.