![](/content/upload/1/root/77657_w920.jpg)
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، خەڵک لە هێندێک ناوچەی تاران و چەند شاری دیکە دروشمیان دژی خامنەیی و کۆماری ئیسلامی وتووەتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ خۆشی دەربڕینی ڕێژیم بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان لە هێندێک لە ناوچەکانی تاران وەکوو ''تێهران پارس، جەنەت ئاباد، ئێکباتان، ئێختیارییە و دەررووبەری مەیدانی ئینقلاب'' خەڵک دژی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی دروشمیان داوە.
لە گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکاندا دروشمی "نەمان بۆ خامنەیی"، "نەمان بۆ دیکتاتۆر" و ''خامنەیی حەیا بکە، سەیری بەشار ئەسەد بکە" و"نەمان بۆ حکوومەتی منداڵکوژ" و ''نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی'' بیستراوە.
هەروەها ڤیدیۆی ناڕەزایەتی و دروشمدانی خەڵک لە چەندین شاری دیکە لەوانە سنە، کرماشان، زاهێدان، سێمنان، مەشهەد، ئەراک، شیراز، یاسووج و کەرج و یزد بڵاو کراونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران ٩٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند و ئەمەش هاووڵاتییانی لە ئێران تووڕە کرد و جارێکی دیکە بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.
لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی جیا لە نەهامەتی و ناسەقامگیری شتێکی دیکەی بۆ خەڵکانی ئێران بە دیاری نەهێناوە و ئەمەش وای کردووە کە ئەم ڕێژیمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لای خەڵک بێزراوتر بێت.