
هەڕەشەی فەرماندەیەکی سپای پاسداران بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی سزاکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.
عەلیڕەزا تەنگەسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان لە وتووێژێکدا هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆزی کرد.
تەنگەسیری زیادی کرد کە ئەم بڕیارە لە ئەستۆی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییە و هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران ئەرکیان هەیە کە فەرمانەکان جێبەجێ بکەن.
هەڕەشە لە داخستنی گەرووی هۆرمۆز پاش ئەوەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو، دۆناڵد ترامپ فەرمانی گەڕانەوەی گوشارە هەمەلایەنەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی واژۆ کرد.
ترامپ ڕایگەیاندووە کە تاکوو گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دیکە کە بتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران سنووردار بکات، گوشارەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبێت.
گەرووی هۆرمۆز یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهانە و یەک لە سەر سێی گازی سروشتی و ٢٥ لەسەدی بەکارهێنانی جیهانیی نەوت لەم تەنگاوەوە تێپەڕ دەبێت.
هۆرمۆز، کەنداو دەبەستێتەوە بە ئاوە کراوە نێونەتەوەییەکان و زەریاکانەوە.
پێشتریش بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆزیان لە کاتی پەرەسەندنی گرژییەکاندا، لە ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو کردبوو.
هەر بەم بۆنەوە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە لە ساڵانی دواییدا هەوڵی ئەوەیان دابوو کە تا ڕادەیەکی بەرچاو پشتبەستنی خۆیان بەم تەنگاوە، کەمتر بکەنەوە بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە لە ئێستادا ڕۆژانە ٢٠ تا ٣٠ نەوتهەڵگر لەم ڕێڕەوەوە تێپەڕ دەبێت.