
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لە کوردستان، چەند هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندان، "بەفەرین مەحموودی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بەشێوەیەکی دڕندانە و لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
هەر لەو ڕۆژەدا دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کەیوان نیکنام" خەڵکی شاری مەهاباد و "ئەنوەر کورد" خەڵکی گوندی "حەسار بڵاغی" لە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندان، چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوەکانی "مەحیەدین خالیدیان" خەڵکی سنە، "هیوا ئەمینی"، "بەهمەن فەیزی" و "ڕەحمان ڕەحیمپوور"، هەر سێکیان خەڵکی شاری سەقز، دەسبەسەر کراون.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە دوو هاووڵاتیی کوردی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان بە ناوەکانی "ئەرسەلان فەتاحی" و "سامان سەفەری" خەڵکی ناوچەی "گەهوارە" لە شاری جوانڕۆ دەسبەسەر کران. ئەرسەلان فەتاحی دوای چەند کاتژمێرێک دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییانە هەموویان بە شێوەی دڕندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و هەوڵی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان تا ئێستا بێ ئاکام بووە.
شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.