
له دوای ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له ئێران‌دا به‌هۆی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی که‌لوپه‌لی خۆراکی و میوه، وه‌زاره‌تی کشتوکاڵی ڕێژیم ناچار بوو که ده‌ست به کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکات به‌ڵام ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی ڕێژیم هه‌تا ئێستا له‌و بواره‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه.
له دوای گرانبوونی په‌تاته و قه‌یرانی نه‌بوونی ئه‌و پێداویستییه ڕۆژانه‌یه‌ی خه‌ڵک و به‌ڕێوه‌چوونی ناڕه‌زایه‌تیی له‌و بواره‌وه، غوڵامڕه‌زا نووری قزڵجه، وه‌زیری کشتوکاڵی ده‌وڵه‌تی مه‌سعوود پزشکییان وتوویه‌تی: "بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی په‌تاته هه‌ر سێ هێزی ده‌سه‌ڵاتداریی ڕێژیم هاتوونه‌ته سه‌ر هێڵ و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ له سه‌رانی هه‌ر سێ هێزی ده‌سه‌ڵات مۆڵه‌تمان وه‌رگرتووه".
نووری قزڵجه ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ٢١ی ڕێبه‌ندان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گرانیی په‌تاته‌ی خستووه‌ته ئه‌ستۆی ده‌ڵاڵان و فرۆشیاران، له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی که‌می و گرانیی په‌تاته وتی: "ئێمه بۆ په‌تاته ناتوانین ئاستی نرخ دیاری بکه‌ین، قه‌یرانی ئێستای په‌تاته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌لپه‌ره‌ستیی ده‌ڵاڵان و فرۆشیاران".
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌واڵده‌ریی ته‌سنیم سه‌ر به سپای پاسداران، ڕێکه‌وتی ٢١ی ڕێبه‌ندان بڵاوی کرده‌وه که له ڕاستای هه‌ڵکشانی بێوێنه‌ی نرخی په‌تاته له ئێران‌دا نرخی یه‌ک کیلۆگره‌م په‌تاته به ٧٠ هه‌زار تمه‌ن فرۆشراوه.
هه‌روه‌ها هه‌واڵده‌ریی ئیلنای ڕێژیم له هه‌مان ڕۆژدا ڕاپۆرتێکی له‌مه‌ڕ دۆخی کاره‌ساتباری هه‌ژاری و دۆخی ناله‌باری ژیانی کرێکاران بڵاو کرده‌وه: "بنه‌ماڵه‌ی کرێکاران و هه‌ژاران سه‌ره‌ڕای کێشه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌کانیان، له ئێستادا بێجگه له قه‌یرانی خانوو و که‌لێنی قووڵی چیناهیه‌تی گه‌یشتوونه‌وه قه‌یرانی په‌تاته".
گرانیی لەڕادەبەدەری نرخی پەتاتە لە ئێران لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی گومرکی ڕێژیم، تەنیا لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٠٧ هەزار تۆن پەتاتە بە نرخی هەر کیلۆ ١٤ هەزار تمەن هەناردەی دوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان کراوە.
پرسی گرانیی پەتاتە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە کۆبوونەوەی فەرمیی مەجلیسی ڕێژیم‌دا باسی لێ کراوە.
مێهرداد لاهووتی نوێنەری مەجلیسی کۆماری ئیسلامی نەبوونی بەڕێوەبەریی پێویست و مانەوەی پەتاتەکان لە کۆگاکانی بە هۆکاری سەرەکیی دۆخەکە زانی.
نرخی پەتاتە لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار تمەن بووە و لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧٠ تا ٩٠ هەزار تمەن و هەروەها لە مانگی ڕابردوودا نرخی پەتاتە ٢٧ هەزار تمەن بووە.
لە دوای گەنم و برنج، پەتاتە یەکێک لەو خواردەمەنییانەیە کە لەلایەن بنەماڵەکانەوە لە ئێران زۆرتر لە کاڵاکانی دیکە بەکار دەبرێت.
بەهۆی گرانیی گۆشت و مریشک و بەرهەمە گۆشتییەکان، خەڵکی ئێران بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرتر ڕوویان کردووەتە خۆراکە کەم نرخەکانی دیکە وەک پەتاتە.